هەمواری یاسایی هەڵبژاردنەکانی عێراق پەسەندکرا

  2023-03-27  | 
دۆسیە:  عێراق
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەزۆرینەی دەنگ هەمواری یاسای هەڵبژاردنەکانی پەسەندکرد، سەرەڕای ئەوەی بەشێک لە لایەنەکان و پەرلەمانتارە سەربەخۆکان دژی هەندێک لە مادەکانی یاساکە بوون

راگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەران بە زۆرینەی دەنگ هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگاکانی پەسەندکرد کە لە ١٥ ماددە پێکهاتووە و تیایدا رێوشوێنەکانی تایبەت بە بەڕێوەچوونی هەردوو هەڵبژاردنەکەی دیاریکردووە، بەگوێرەی یاساکەش دەبێت هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لەسەر بنەمای سانت لیگۆی ١.٧ پێش کۆتایی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت.

٧٠ پەرلەمانتاری سەربەخۆ و پەرلەمانتاری بەشێک لە فراکسیۆنەکان ناڕەزاییان دژی یاساکە دەربڕی و لەکاتی دەنگدان لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن هەوڵی راگرتنی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانیان دا، بەوهۆیەش سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران ھەوڵیدا لەرێگەی ھێزی پاسەوانی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە بیانکاتە دەرەوەی کۆبوونەوەکە.

سروە محەمەد، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی رایگەیاند، فراکسیۆنەکەیان دەنگی بە هەمواری یاساکە نەداوە چونکە، فراکسیۆنەکەیان رەزامەند نەبوو لەسەر ئەو بڕگانەی کە بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن لە کەرکوک دانراون.

بەگوێرەی هەموارەکە هەڵبژاردن لە کەرکوک هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق لە یەک رۆژدا پێکەوە ئەنجام دەدرێن، بەڵام پێویستە پێداچوونەوە بە تۆماری دەنگدەران بکرێت بە پشتبەستن بە سەرژمێری ساڵی ١٩٥٧ و چەند گۆڕانکارییەکی دیکەش لە کەرکوک دەکرێت. 

لەکۆبوونەوەکەدا کە ١٨٩ پەرلەمانتار ئامادەبوون و کۆی هەمواری یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاکانی پەسەندکرا، بەگوێرەی ماددەی ٢ و ٦ و ٧ یاساکەش دەبێت پێش ٢٠٢٣/١٢/٢٠ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان ئەنجام بدرێت و بۆ خولەکانی داهاتووش پێویستە ٤٥ رۆژ پێش کۆتاییهاتنی تەمەنی ئەنجومەنی پارێزگاکان هەڵبژاردن بکرێت.

یاساکە مەرجی خۆکاندیدکردنیشی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و پارێزگاکان دیاریکردووە، کە دەبێت تەمەنی کاندید لە ٣٠ ساڵ کەمتر نەبێت و هەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریۆس بێت، هەروەها نابێت بە هیچ سزایەکی تاوانکاری حکوم درابێت.

لە یاساکەدا هاتووە، ئەنجومەنی نوێنەران لە ٣٢٩ کورسی پێکدێت لەو ژمارەیەش ٩ کورسی پشکی کەمینەکان دەبێت، هەروەها کۆتای ژنان بە ٢٥% دیاریکراوە.


ڕیکلام