یەكێتی وەبەرهێنەران: كەسانی نابەرپرس و میدیای بێ مۆراڵ بە ناوی ئێمەوە راگەیەندراوێكیان بڵاوكردووەتەوە

  2023-04-02  | 
دۆسیە:  سلێمانی
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لقی سلێمانیی یەكێتی وەبەرهێنەران لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت، كەسانی نابەرپرس و میدیای بێ مۆراڵ بە ناوی ئێمەوە راگەیەندراوێكیان بڵاوكردووەتەوە. ئەو راگەیەندراوەی بڵاوكراوەتەوە هی ئێمە نییە.

دەقی راگەیەنراوەکە ... 

لە کاتێکدا، ئێمە تاو و توێی نوسینی ڕاگەیەنراوی خۆمان سەبارەت بەو ڕووداوەی ئەمڕۆی شاری دایک دەکرد، کەسانی نابەرپرس و هەلپەرست و میدیای بێ مۆراڵ و بێ پرس، دێن بە ناوی لقی سلێمانی یەکێتی وەبەرهێنەرانی کوردستان ڕاگەیەنراو بڵاو دەکەنەوەو خەشم و قینی خۆیان دەرهەق بەم شارەو ئارامییەکەی هەڵدەرێژن و ڕاگەیەنراو تەخشان دەکەن و میدیای پێ جۆش دەدەن و دەروونی هاووڵاتیانی ئەم شارە لەم مانگە پیرۆزەدا سەربار لە ترسو دڵەراوکێ دەکەن.
ئێمە لە یەکێتی وەبەرهێنەرانی کوردستان – لقی سلێمانی سەر لەبەری ئەو ڕاگەیەنراوەی لە بەشێک لە میدیاکان بڵاوبووەتەوە ڕەتدەکەینەوە و شاریش ئارامە و ئەوانەشی فوو لە ئاگری ناکۆکی و ناهەموواری دەکەن و دڵیان بەوە خۆشە بە ڕووداوێک شار سەرو ژێر بکەن خەیاڵیان خاوە، لەم شارەدا یاساو دادگا هەیە و ڕێکاری پێویستیش گیراوەتە بەر.

یاسین مەحمود رەشید 
سەرۆكی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان – لقی سلێمانی


ڕیکلام