بافڵ جەلال تاڵەبانی: هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی و هەوڵە نەزۆکەکەی نۆکەرانی بێگانە بەتوندی ئیدانە دەکەین

  2023-04-07  | 
دۆسیە:  سلێمانی
 تۆڕی هەواڵی ژیان
پەیامی بافڵ جەلال تاڵەبانی لەبارەی پەلامارەکەی سەر فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی

دەقی پەیامەکە

هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی و هەوڵە نەزۆکەکەی نۆکەرانی بێگانە بەتوندی ئیدانە دەکەین کە ئامانج لێی تێکدانی ئاسایشی سنووری سلێمانییە.
کردەی تاوانکاری و بەزاندنی سنووری هەرێم و عیراق بە چاوساغی و رێنیشاندانی لایەن و دەزگایەکی ئەمنی هەواڵگریی ناوخۆیی، حاڵەتێکی نامۆ نییە و مێژوویەکی درێژمان لەگەڵیدا هەیە. بەڵام سلێمانی و مێژووەکەی، سلێمانی و خەڵکەکەی زۆر لەوە گەورەتر و قارەمانترن کە خەیاڵی پووچی لایەنێک ناو و ناوبانگی لەکەدار بکات و ژیانی خەڵکەکەی تێکبدات.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە رابردوودا لەپێناو پاراستنی تەبایی و بەدیهێنانی بەرژوەندییە باڵاکانی گەلەکەمان پشوودرێژ بووە، بەڵام بەردەوامیی رەفتارە نەشیاو و ناپەسەندەکانی بەشێک لە دەزگا ئەمنییەکانی لایەنێکی سیاسی لەژێر سایەی حکومەتێکی تاکڕەو و خۆسەپێندا، هەموو سنوورێکی بەزاندووە و دۆخەکەی گەیاندووەتە بنبەست.
ئێمە شانازی بە کوردبوون و کوردایەتیی خۆمانەوە دەکەین. کوردستانمان لە دڵماندا هەڵگرتووە و لەپێناو ژیانی خەڵکەکەمان رووبەڕووی هەموو مەترسییەکان بووینەتەوە و دەبینەوە. تێکدانی ئارامیی هەرێم و شاری سلێمانی هێڵی سوورە.
جارێکی تر و بە دەنگێکی بەرزتر دەیڵێینەوە، یان کوردستان یان نەمان.

بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان



ڕیکلام