لەژێر چەتری مەسرور بارزانی مامۆستایەک زیاتر لە یەک ساڵ دەستدرێژیی سێکسی دەکاتە سەر خوێندکارێکی 7 ساڵان

  2023-04-19  | 
دۆسیە:  هەولێر
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لە یەکێک لە قوتابخانە تایبەتەکان لە عەنکاوەی هەولێر، مامۆستایەک بۆ ماوەی ساڵ و نیوێک دەستدرێژیی سێکسی کردووەتە سەر قوتابییەکی حەوت ساڵان و سەرەتای ئەمساڵ دۆسیەکە ئاشکرا بووە، ئێستا مامۆستاکە دەستگیرکراوە و دایکوباوکی منداڵەکەش داوای سزادانی دەکەن.

بەپێی زانیارییەکان، کە لە لایەنی پەیوەندیدار و دایک و باوکی قوتابییەکەوە دەستکەوتووە، منداڵەکە تەمەنی 7 ساڵانە و لە دایکێکی مەغریبی و باوکێکی ئەڵمانییە، لە قوتابخانەیەکی تایبەت لە عەنکاوەی هەولێر خوێندوویەتی کە بە زمانی فەرەنسی وانەی تێدا دەخوێندرێت.
 
دایک و باوکی منداڵەکە دەڵێن، ئەو مامۆستایە بە کچەکەیانی وتووە ئەگەر لەلای هەر کەسێک قسە بکات، ئەوا "دەیکوژێت."

بەپێی وتەی ئەوکەسانەی منداڵەکەیان بینیوە و شوێنەواری مووس بە جەستەیەوە بووە.

بەپێی زانیارییەکان، مامۆستاکە هەر لەناو بینای قوتابخانەکە دەستدرێژیی کردووەتە سەر منداڵەکە. ئەو مامۆستایە خەڵکی دیمەشقە و تەمەنی 35 ساڵانە. مامۆستای وانەی وەرزش بووە.
 
دایکی ئەو قوتابییە راگەیاندووە، سەرەتا لە دۆزینەوەی پارە و دیاریی نامۆ لە گیرفانی کچەکەیدا هەستی بە شتێک کردووە تاوەکو دواجار ئەنگوستیلەیەکی زێڕی لە گیرفانیدا دۆزیوەتەوە، ئەوکات قسەی لەگەڵ کچەکەیدا کردووە و نهێنییەکەی درکاندووە. 

باوکی ئەو کچە پیشەی ئەندازیارە و ماوەی ساڵێکە لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان دەژی، هاوسەر و کچەکەی لێرە بەتەنیا ژیاون. 
 
لە سەرەتاکانی مانگی شوباتی ئەمساڵ، دایک و باوکی منداڵەکە سکاڵایان تۆمارکردووە و مامۆستاکە دەستگیرکراوە. ئێستاش دۆسیەکە لە دادگایە. تاوەکو ئێستا پۆلیس و قوتابخانەکە ئامادەنەبوون لەسەر ئەو دۆسیەیە هیچ لێدوانێک بدەن. 
 
بە وتەی دایک و باوکی منداڵەکە، کچەکەیان پێی وتوون، "چوار منداڵی دیکەیشی بینیوە کە چوونەتە لای مامۆستاکە،" بەڵام ئەو دۆسیەیانەی دیکە تاوەکو ئێستا لەلای دەزگا ئەمنییەکانی یەکلانەکراونەتەوە و کەسوکاری ئەو منداڵانە سکاڵایان تۆمار نەکردووە.


ڕیکلام