بەرپرسێکی حیزبی شیوعی: بارودۆخی هەولێر نائارامە و دەیانەوێت تەسفیە حساب بکرێت

  2023-04-25  | 
دۆسیە:  هەولێر
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەیانی ئەمڕۆ لەشاری هەولێر چالاکوانێکی بواری جینۆساید رفێندرا، هاوڵاتیان و چالاکوانانی شارەکە ترسیان لێنیشتوە و دەڵێت، بارودۆخی هەولێر نائارامە و دەیانەوێت تەسفیە حساب بکرێت

رێباز هاشم کارگێڕی مەڵبەندی حزبی شیوعی هەولێر رایگەیاند: کاتژمێر ٦:٠٠ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێزێک چونەتەسەر ماڵی عەلی مەحمود محەمەد ناسراو بە (عەلی سیاسی) کە ئۆتۆمبێلێکی جام رەشیان پێبوە، پاش ئەوەی ماڵەکەیان پشکنیوە ناوبراویان رفاندوویانە.

دەشڵێت: پێشتریش چەندینجار دەستگیرکراوە، ئەم ماوەیەش بابەتی ئەنفال و کۆمەڵێک چالاکی و لێدوانی دیکەی هەبوە، بارودۆخی هەولێریش نائارامە و دەیانەوێت تەسفیە حساب بکرێت و بۆیە ئەم بەیانیە بەرەو شوێنێکی نادیار رفاندویانە.

ئەم قسانە لە کاتێکدایە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ، هێزێکی گەورەی ئاسایش هەڵیانکوتاوەتەوە سەر ماڵی عەلی مەحمود چالاکوانی کەیسی ئەنفال لە هەولێر و ڕفاندویانە، ئەمەش دوای ئەوەی هەفتەی پێشوو ئەو چالاکوانە ڕایگەیاند، "کوڕی ئەو کەسەی ماڵی خاڵمی ئەنفال کرد، ئێستا قایمقامی هەولێر".


ڕیکلام