بەتۆمەتی تەقەكردن لەنەخۆشخانەی منداڵان دوو تۆمەتبار دەستگیركران

  2023-04-26  | 
دۆسیە:  سلێمانی
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەتۆمەتی تەقەكردن لەنەخۆشخانەی منداڵان و برینداركردنی كارمەندێكی پۆلیس و كارمەندێكی نەخۆشخانەكە دوو تۆمەتبار دەستگیركران

پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، دوو تۆمەتباریان دەستگیركرد كە هەڵیانكوتابووە سەر نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی و كارمەندێكی پۆلیس و كارمەندێكی پرسگەی نەخۆشخانەكەیان بەفیشەك بریندار كردبوو.

راشیگەیاند، دوای ئەوەی کاتژمێر ١٠:٣٠ خولەکی شەوی ڕابردوو دوو كەس کە لەژێر کاریگەری مادە کھولییەکاندا بوون و دەیانویست سەردانی منداڵێك لەنەخۆشخانەی منداڵان بکەن، بەڵام لەلایەن پۆلیسی نەخۆشخانەكەوە ڕێگرییان لێکراو ڕێنمایی کران کە وادەی سەردانیکردنی نەخۆش کۆتاییھاتووەو منداڵە نەخۆشەکە دایک و باوکی لەلایەو پێویست ناکات ئەوان بچنە لای، بەڵام کاتژمێر ١:٣٠ خولەک تۆمەتبارەکان دەگەڕێنەوە بۆ نەخۆشخانەکەو تەقە لەپۆلیسێک و كارمەندێکی پرسگەی نەخۆشخانەکە دەكەن و برینداریان دەكەن.

ئاماژەی بەوەشکرد، دەستبەجێ ھێزەکانمان گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکەو تۆمەتباری سەرەکی کە تەقەی کردبوو دەستگیرکراو ئەو کەسەی کە لەگەڵیدا بوو ھەڵات، توانرا لەماوەیەكی كەمدا تۆمەتبارەکەی تریش دەستگیربکرێت و دەستیشبگیرێت بەسەر چەكێكی جۆری دەمانچە كە تۆمەتبار تەقەی پێكردبوو.

ئەوەشی خستەڕوو، لەئێستادا هەریەك لەتۆمەتباران، (ش، خ، أ) لەدایکبووی ١٩٨٥ و (ئ، خ، م) لەدایکبووی ٢٠٠٣ بەبڕیاری دادوەرو بەپێی ماددەی  ٢٣٢ لەیاسای سزادانی عیراقی ڕاگیراون و لێكۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە.
لەئێستاشدا ھەردوو برینداری ڕووداوەکە لەنەخۆشخانەن و چارەسەری پزیشكی وەردەگرن و دۆخی تەندروستییان جێگیرە.


ڕیکلام