قوباد تاڵەبانی و سەرۆکی بولگاریا کۆبونەوە

  2023-04-28  | 
دۆسیە:  جیهان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، لە چوارچێوەی چالاکییەکانی کۆڕبەندی ئابوری دێڵفیدا، ئەمڕۆ هەینی ٢٨ی نیسان، لەگەڵ ڕومێن ڕادێڤ، سەرۆکی بولگاریا کۆبوویەوە و پێکەوە باسی پەیوەندییەکان و دواپێشهاتە سیاسی و ئابورییەکانیان کرد.

لەمیانی کۆبوونەوەکەدا، قوباد تاڵەبانی و سەرۆکی بولگاریا جەختیان لەگرنگی باشترکردن و رێکخستنەوەی پەیوەندیەکانی هەرێمی کوردستان و بولگاریا کردەوە.

لەبارەی باشترکردنی شێوازی حوکمڕانی، قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا کە؛ بۆ پێشخستنی هەرێمی کوردستان پێویستمان بەسود وەرگرتنە لە ئەزمونی پێشکەوتووی وڵاتانی دەرەوە بۆ ئەوەی حکومڕانییەکی باشتر و دروستمان هەبێت لەپێناو خزمەتکردنی هاوڵاتیان.

لەبارەی ئیدارەدانی سەرچاوە سروشتییەکانەوە، جێگری سەرۆک وەزیران وتی؛ ئێمە لەگەڵ باشتر بەڕێوەبردنی سەرچاوە سروشتیەکانین بەشێوازێک ببێتە مایەی خێر بۆ هەموو پێکهاتەکانی عێراق و هەرێم بێ جیاوازی، هەر بۆیەش دەبێت سەرەتا پێداویستی ناوخۆ دابین بکەین دواتر بیر لە هەناردەکردن بۆ دەرەوەی هەرێم بکەینەوە، جەختیشی کردەوە کە؛ پێویستە تەنها پشت بە نەوت نەبەستین وەک تاکە سەرچاوەی داهاتی دارایی، بەڵکو دەبێت سود لە سێکتەرەکانی تری وەک کشتوکاڵ و گەشتوگوزار و پیشەسازی و کەرتی تایبەت بە گشتی وەربگرین و پەرەیان پێبدەین.


ڕیکلام