وتەبێژی قوباد تاڵەبانی: بەهیواین لەگەڵ بەغداد بگەینە رێککەوتن

  2023-04-28  | 
دۆسیە:  سلێمانی
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وتەبێژی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم دەڵێت، "ئەگەر گرفتی دارایی سلێمانی چارەسەرنەکرا بەهیواین لەگەڵ بەغداد بگەینە رێککەوتن"

سەمیر هەورامی وتەبێژی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بە (تۆڕی میدیایی ژیان)ی ڕاگەیاند، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەو کاتەوەی گرفتی دارایی لە سنووری سلێمانی درووستبووە بەردەوام لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان قسەی کردووە.

باسی لەوەشکرد، یەکێک لە گرفتەکانی نێوان تیمی وزاری یەکێتی و تیمی وزاری پارتی مەسەلەی چارەسەرکردنی گرفتی دارایی دەڤەری سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕینە.

وتیشی، بەهیواین گرفتەکان چارەسەر بکەین، بەڵام تاکو ئێستا وەڵامێکی وامان دەسنەکەوتووە بۆ چارەسەری گرفتەکان، لە مانگی 11ی پارەوە پلانی چارەسەرمان خستووەتە بەردەم تیمی وەزاری پارتی بەڵام وەڵاممان وەرنەگرتووەتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر ئەو گرفتەی سلێمانی چارەسەرنەکرا بەهیواین لەگەڵ بەغداد بگەینە رێککەوتن، ئەمجارە بەشێوازێک بێت غەدر و نادادپەروەری نەبێت تا بتوانین ئیدارەی مالی سلێمانی بەشێوازێکی باشتر بدرێت.


ڕیکلام