بەڕێوەبەری مەرزی باشماخ: چوار لە دەروێشەکان بە تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژراون و برینداربوون

  2020-07-09  | 
سلێمانی
ژمارەیەک دەروێش بەنایاسایی لە مەرزی باشماخەوە هاتنەناو خاکی هەرێمی کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەڕێوەبەری گشتی دەروازی نێودەوڵەتی باشماخ رایگەیاند، لەو دەروێشانەی کە ئەمڕۆ لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە هاتونەتە ناو خاکی هەرێمەوە، چوار کەسیان بە تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژراون و برینداربوون.

لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ تۆڕی هەواڵی ژیان، لیوا مەریوان كەمال بەڕێوەبەری گشتی دەروازی نێودەوڵەتی باشماخ رایگەیاند، دەروێشەکان بە نایاسایی و بەبێ مۆرکردنی پاسپۆرتەکانیان هاتوونەتە ناو خاکی هەرێمەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، پێش ئەوەی بێنەناو خاکی هەرێمەوە، لەدیوی ئێران، هێزە ئەمنییەکان رێگریان لێکردوون و بەوهۆیەشەوە گرژی دروستبووە و چوار کەس لە دەروێشەکان کوژراون و برینداربوون.

ئەوشی خستەڕوو، بەپێی زانیارە سەرەتاییەکان ژمارەی ئەو دەروێشانەی لە دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخەوە هاتوونەتە ناوخاکی هەرێم، نزیکەی دوو هەزار کەسە.

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە ٩ی٧ی٢٠٢٠، ژمارەیەک لە دەروێشەكانی شێخ محەمەدی كەسنەزان دوای بڕینی سنور لە دیوی ئێران، هاتونەتە دەروازەی باشماخ‌ و لەوێشەوە بەپیادە و بەبێ پشكنینی كۆرۆنا ‌و گوێدان بە فەرمانە ئیدارییەكان، پەڕیونەتەوە‌ و ئێستا لە پێنجوێنەوە بەرەو سلێمانی بەڕێكەوتوون .

شێخ محەمەد كەسنەزانی بەهۆی نەخۆشییەوە لە ئەمریكا كۆچی دوایی كرد‌ و بڕیارە سبەی هەینی تەرمەكەی بگەڕێندرێتەوە بۆ كوردستان ‌و بەخاكبسپێردرێت، هەرچەندە بنەماڵەی ئەو شێخە رایانگەیاند پرسە بۆ شێخەكەیان دانانێن بەڵام دەروێشەكانیان لە رۆژهەڵاتی كوردستانەوە بەڕێكەوتوون بەرەو سلێمانی.




ڕیکلام