بکوژی گەنجەکەی بەردەم دادگای زاخۆ خۆی ڕادەستی پۆلیس کرد

  2020-07-09  | 
دهۆک
حاجی ئەحمەد ئەو گەنجەی لەبەردەم دادگای زاخۆ کۆژرا
ئەرشیڤ
 مازن شنگالی
ئەو کەسەی لەبەردەم دادگای زاخۆ تەقەی لە زیندانییەک کرد و کوشتی، خۆی رادەستی پۆلیس کرد.

هێمن سلێمان وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای دهۆک بە تۆڕی هەواڵی ژیان-ی ڕاگەیاند، پاش ئەوەی یەکشەممەی ڕابردوو لەبەردەم دادگای قەزای زاخۆ هاوڵاتییەک بەناوی ( حاجی ئەحمەد ) لەلایەن کەسێکەوە بە دەستڕێژی گوڵە کوژرا، فەرمانی دەستگیرکردن لەلایەن دادگای لێکۆلینەوەی زاخۆ-وە بۆ بکوژەکە دەرچوو.

ئاماژەی بەوەشکرد، دوای تێپەڕبوونی چوار ڕۆژ بەسەر ڕووداوەکەدا، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە ٩ی٧ی٢٠٢٠، بکوژەکە خۆی ڕادەستی هێزەکانی پۆلیسی کردووە.

بەبێ ئەوەی ناسنامەی بکوژەکە ئاشکرا بکات، وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای دهۆک راشیگەیاند، لێکۆڵینەوە لەگەڵ بکوژەکە و هۆکار و چۆنیەتی رووداوەکە دەستیپێکردووە.

روژی یەکشەممە ٥ی٧ی٢٠٢٠ ، لەبەردەم دادگای زاخۆ زیندانییەک بە دەستڕێژی گوولە کوژرا و بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی ھەواڵی ژیان، ئەو زیندانیە پێشتر خاوەن دوکانێکی فروشتنی موبایل بووە لە ناو بازاڕی زاخۆ و لەسەر قەرزێکی زۆر زیندانیکراوە .

وابڕیاربوو رۆژی یەکشەممەی رابردوو دادگایی بکرێت و سزاکەی دیار بکرێت، بەڵام لەبەردەم دادگا بە سێ گولـلە گیانی لەدەستدا.



ڕیکلام