وەزارەتی کشتوکاڵ: ئامێر و کەلوپەلە کشتوکاڵییەکان بەقیستی درێژخایەن دەدرێتە جوتیاران

  2023-05-15  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم: بڕیاردرا کە بە هیچ جۆرێک سوو نەچێتە سەر بڕی ئەو قیستەی جوتیاران لەبەرامبەر کڕێنی ئەو ئامێرانە دەیدەنەوە.

وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم بڵاویکردەوە، " ئەمڕۆ دووشەممە پێشوازیمانکرد لە ستافی جێبەجێکاری کۆمپانیای هارون گروپ لە دیدارێکدا تاوتوێی چۆنیەتی دەستبەکاربوون و جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی ئەو گرێبەستە هاوبەشەمان کرد کە لە نێوان وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو‌ و کۆمپانیای ناوبراو ئەنجامدراوە، بە مەبەستی دابینکردنی ئامێر و کەلوپەلە کشتوکاڵییەکان بەقیستی درێژخایەن".

دوابەدوای تاوتوێکردنی هەنگاوەکانی نێوان هەردوولا ئەم بڕیار و راسپاردانەی خوارەوە پەسندکران :

1/ لەبەر ئەوەی کۆمپانیای ناوبراو لقی نیە لە سنوری پارێزگای سلێمانی بۆیە بڕیاردرا بەڕاسپاردنی کۆمپانیای ناوبراو، کە بەهەماهەنگی لەگەڵ بەرێوەبەرایەتیە گشتیەکانی کشتوکاڵی(سلێمانی، گەرمیان، ڕاپەرین) هەڵسن بەرێکخستن و ئەنجامدانی زنجیرەیەک سیمینار بۆ بەرچاو روونی و پێدانی زانیاری بە جوتیاران لەسەر میکانیزمەکانی وەرگرتنی ئامێرەکان.

2/هەروەها لە بەشێکی تری دیدارەکەدا بڕیاردرا کە بە هیچ جۆرێک سوو نەچێتە سەر بڕی ئەو قستەی کە جوتیارەکان دەیدەن بەبانکەکە، لەبەر ئەوەی بانکێکی ئیسلامیە و رێکەوتن کراوە کە سوو نەخرێتە سەر کڕینی ئامێرەکان.
3/ئەم جوتیارە بەڕێزانەی کە ناوەکانی خۆیان لە ماوەی رابردوو تۆمار کردووە لە سەرجەم فەرمانگەکانی وەزارەت،

دەتوانن لە دوای ئەنجامدانی ئەو سیمینارانە بەبەرچاورونی زیاترەوە نوسراو وەربگرن لە بەرێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی پارێزگاکان و ئاراستەی بەرێوەبەرایەتی گرێبەستەکان لە دیوانی وەزارەت بکرێت، تاوەکو کارەکانیان بۆ تەواو بکرێت لەگەڵ کۆمپانیاکە.

4/هەروەها بڕیاردرا کە وەکو نمونە ئەو ئامێرەی کە بڕیارە بۆ جوتیاران دابین بکرێت بە مواسەفاتی ئەوروپی لە وڵاتی ئیتالیاوە هێنراوە، بۆ هەر سێ بەرێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی سلێمانی و گەرمیان و راپەرین نمونەیەکی ئامادەبکرێت تاوەکو نیشانی جوتیاران بدرێت بۆ ئەوەی ئاشنایەتی زیاتریان لەبارەی ئامێرەکانەوە هەبێت.


ڕیکلام