لیژنەی باڵای کۆنگرەی دوانزەی بزووتنەوەی ئیسلامی پەیامێک بڵاو دەکاتەوە

  2023-05-22  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لیژنەی باڵای کۆنگرەی 12ی بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان په‌یامێكی ئاڕاستەی ئەندامانی بزوتنەوەكه‌ كرد و ڕایگەیاند، "ئێمە هیچ كاتێك دژ نین بە ئاشتەوایی ،بەڵام ئاشتەواییەكی شەرعی كە ماف بۆ خاوەن ماف بگەڕێتەوە ،ئەوە ڕابەری ناشەرعی و دوور خراوەیە لەكەلەی شەیتان دانابەزێت".

ده‌قی په‌یامه‌كه‌:

بەناوی خوای گەورەی میهرەبان
سوپاسی خوای گەورە دەکەین ، پاشان سوپاس و پێزانینی خۆمان ئاڕاستەی گشت ئەندامان و هەوادارانی بزوتنەوەی ئیسلامی  لە خوشکان و برایان  دەکەین کە بەردەوام لەخزمەت ئەم جوڵانەوەیەدان بۆ راستکردنەوەی هەڵەکان .
داواکارین پابەندی تەواوبن بە هەر بڕیارێک کە پەیڕەوی شەرعی خوای گەورە بکات.
ئەم ڕوونكردنەوەیە  بۆ  ئەندامان و ڕایگشتی رادەگەیەنین کە ئێمە وەك لیژنەی باڵای کۆنگرەی دوانزەی بزووتنەەی ئیسلامی  كۆمەڵێك ڕاستی دەخەینە بەردەم ئەندامان و ڕای گشتی کوردستان .
یەكەم : ئێمە مەبەستی سەرەكیمان لە بەستنی كۆنگرە جگە لە شەرعیەت دان بەتێكڕای دامەزراوەكانی بزووتنەوە ،بە پێویستی ئەزانین كە بزووتنەوەی ئیسلامی ڕێڕەوی شەرعی و  یاسایی خۆی وەربگرێت  وەك هەر حیزبێكی تری  سیاسی كوردستانی و عێراقی .
دووەم: حیزبێك بێت جگە لە موڵەتی سیاسی ،دامەزراوەكانی  دیار و شەفاف بن و لە كۆمیسیۆنی باڵا و بەشی پارت و ڕێكخراوە سیاسیەكاندا تۆمار كرابێت  .
سێیەم : بزووتنەوە ببێتە حیزبێكی جەماوەری ،لەدوای ئەوەی چەندین ساڵە لە سوچێكدا بەدەست كەسانێكەوە گیردراوەو لە حیزبێكی كوردستانیەوە بچوك كراوەتەوە بۆ حیزبێكی بچوك و تایبەتمەند كراو بەخزمەتی كەسانێك كە لە خەم و هەمی بزووتنەوەدا نین و هێندە بزووتنەوەیان دەوێت كە خزمەتی ئامانجە تایبەتەكانی خۆیانی پێبكەن .
چوارەم : ئێمە دەمانەوێت بزووتنەوەی ئیسلامی  بكەینەوە بەبزووتنەوەی  بنەماڵەی شەهیدان و كادیرانی دڵسۆزی بزووتنەوە ،كە هەرئەندامێكی بەشانازیەوە باسی بزووتنەوە و سەروەرییەكانی بكات بۆ نەوەی نوێی بزووتنەوە ،لەگەڵ ئەو سەروەرییەی كە پێشكەشی بە بزووتنەوە كردووە.
پێنجەم : پاراستنی ناوبانگی بزوتنەوە و ئەندامانی ئەرکێکی سەرەکییە لەلامان ،هەوڵی جدیمان داوە کە وەڵامی ئەوانە بدرێتەوە کە بیانەوێ بزوتنەوە بەرەو بۆچون و مەرامی تایبەتی خۆیان بەرن ، لەگەڵ ئەوەشدا تائێستا هەر بەناوی بزوتنەوەوە ماوین و هەر دەمێنینەوە.

شەشەم :ئێمە هیچ كاتێك دژ نین بە ئاشتەوایی ،بەڵام ئاشتەواییەكی شەرعی كە ماف بۆ خاوەن ماف بگەڕێتەوە ،ئەوە ڕابەری ناشەرعی و دوور خراوەیە لەكەلەی شەیتان دانابەزێت و هەموو هەوڵەكانی ئاشتی خوازی ڕەت كردۆتەوەو لە پشتەوەش  وا خۆیان نیشان ئەدەن كە كۆتری سپی ئاشتین ،بەڵام ئێمە بەهەموو لایەكی ڕادەگەێنین  كەلەیەكەم  ساتی ئەم كێشەوە تا ئەمڕۆ لیژنەیەكی باڵامان دیاری كردووە بۆ گفتوگۆ ، بەڵام تا ئێستا لەلایەنی بەرانبەرەوە لیژنەیەكی فەرمی نەبووە كە ئێمە دانوستانی لەگەڵ بكەین بۆ چارەسەری ئەم كێشەیەی كە بەفێڵی كەسانی فێڵباز بۆ بزووتنەوە دروست كراوە .
حەوتەم : جارێكی تر بۆ هەموو ئەندامانی بزووتنەوەی ئیسلامی و خەڵكی ئیسلام دۆستی كوردستان ڕادەگەێنین ئێمە ئامادەین لە ڕێگای ئاشتی  و دانوستانەوە كۆتایی بەكێشە و گرفتەكانی بزووتنەوە بهێنین تا بزووتنەوەی ئیسلامی ڕێڕەوی شەرعی و پاشان یاسایی خۆی وەك هەر حیزبێكی تری كوردستانی بگرێتە بەر و نەبێتە قوربانی دیکتاتۆرێک  ،
پێویستە بزووتنەوە بۆ هەمووان بێت وەك چۆن لەسەرەتادا بۆ هەمووان بوە .

لیژنەی باڵای ئامادەكاری كۆنگرەی دوانزەی بزووتنەوەی ئیسلامی 


ڕیکلام