سبەینێ دەستدەكرێت بە جێبەجێكردنی شەقامی 100 مەتری سلێمانی

  2020-07-10  | 
دۆسیە:  سلێمانى
 تۆڕی هەواڵی ژیان
هەرچەندە لەسەرەتای ئەمساڵەوە حكومەتی هەرێم رایگەیاند بەم زوانە دەست دەكەن بە جێبەجێكردنی پڕۆژەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی بەڵام دوای نزیكەی شەش مانگ بڕیارە سبەی سەرۆكی حكومەت لە سلێمانی دەستپێكردنی شەقامەكە رابگەیەنێت.


ئەگەرچی لە 4 مانگی شوباتدا نوسینگەی سەرۆكی حكومەت رایگەیاند كە بەم نزیكانە دەست بەجێبەجێكردنی پڕۆژەی شەقامی 100 مەتری لە سلێمانی دەكرێت بەڵام دوای زیاتر لە پێنج مانگ بڕیارە سبەی سەرۆكی حكومەت بێتە سلێمانی دەستپێكردنی ئەو شەقامە رابگەیەنێت. 
لە ساڵی 2011 وە نەخشە شەقامی 100 مەتری سلێمانی ئامادەكراوە، بەڵام تا ئێٍستا پڕۆژەكە دەستی بەجێبەجێكردنی نەكراوە،  هەر لەو كاتانەدا و بە دیاریكراوی لە 13ی مانگی شوبات كۆمپانیای جێبەجێكاری پڕۆژەكە رایگەیاند: لە مانگی داهاتوودا، لەگەڵ گونجانی كەشوهەوا دەست بە ئامادەكارییە بەراییەكان دەكەین بۆ جێبەجێكردنی شەقامەکە. 

ئەمڕۆش  دوای ئەوەی راگەیەندرا كە سبەینێ مەسرور بارزانی سەردانی سلێمانی دەكات، كۆمپانیای قەیوان وەك جێبەجێكاری پڕۆژەكە وێنەپ پێشبین كراوەكانی شەقامەكەی بڵاوكردەوە و رایگەیاند: قۆناغی یەكەمی شەقامەكە32 كم و لە پردی تاسڵوجە دەست پێدەكات و لە گوندی دەمركان كۆتایی دێت.
شەقامەكە لە رۆژی 8ی ئایاری 2014 لە سەردەمی بەهرۆز محەمەد قەشانی، پارێزگاری ئەوكاتی سلێمانی لەگەڵ سێ كۆمپانیای توركی گرێبەستێكی واژۆكرد و بڕیاربوو لە ماوەی 1100رۆژدا پڕۆژەكە تەواو بكرێت بەڵام تائێٍستا هیچ  هەنگاوێكی پراكتیكی بۆ جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژەیە نەنراوە.  
بڕیارە ئەو شەقامە بە چەند قۆناغێك جێبەجێ بكرێت، سبەینێ لەلایەن گروپی كۆمپانیاكانی قەیوانەوە دەست دەكرێت بەجێبەجێكردنی، پڕۆژەكە لە دوای ساڵێك لە واژۆ كردنی گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیا توركیەكان كارەكانی بەبڕیاری پارێزگار وەستێندرا، بەڵام لە كۆتاییەكانی ساڵی رابردووەوەجارێكیتر بڕیاری خەرجكردنی سولفەی یەكەمی پارەكەی لەلایەن حكومەتەوە بۆ دەركراوە. 


ڕیکلام