ئایا سۆفیا، دوای ٨٦ ساڵ دەرگاکانی لەبەردەم نوێژخوێنان کردەوە

  2020-07-10  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرباری ناڕەزاییەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا، بەڵام ئەمڕۆی دادگای تورکیا بڕیاریدا جارێکی دیکە ئایاسۆفیا بکرێتەوە بە مزگەوت و یەکەم بانگی تێدا درا.

* چیرۆک و بەرسەرھاتی ئایاسۆفیا چییە؟
کەنیسەیەکی کۆنی مێژووییە، وەکو نمونەیەکی باڵای ھونەری تەلارسازی تەماشا دەکرێت، بەناوبانگترین ڕووگەی گەشتیارییە لە ئەستەنبوڵ، بیزەنتییەکان لە سەدەی شەشەمی زایینی دروستیان کردووە، لەسەر تەنگەبەری بۆسفۆر لە ئەستەنبوڵ کە پادشا و سەرکردەکانیان لە وێ ئاھەنگیان دەگێڕا.
دروستکردنی ئایاسۆفیا ماوەی پێنج ساڵی خایاندووە، لەسەرەتای دروستکردنیدا دووجار سوتاوە و خاپورکراوە، تا لە 537ی زایینی بە تەواوی دورستکرایەوە، ئەوکات گەورەترین کەنیسەی جیھانی مەسیحی بوو، بەڵام دوای ئەوە عوسمانییەکان لە ساڵی 1453 دەستیان بەسەر قوستەنتینیە (ئەستەنبوڵ)دا گرت دەستبەجێی و لە ھەمان ساڵدا گۆڕیان بۆ مزگەوت، لەبەرئەوەی موسڵمانەکان مزگەوتیان دەستنەکەوت لە یەکەم نوێژی ھەینی دوای کۆنترۆڵکردنی قوستەنتینییە نوێژی تیادا بکەن.
سوڵتان محەمەد فاتح، سوڵتانی ئەوکاتی عوسمانییەکان، فەرمانی کرد نەخش و نیگاری مەسیحییەکان لەسەر دیوار و ڕاگر و سەقفی ئایاسۆفیا بشارنەوە، بەڵام ڕێگری لە سڕینەوەی کرد بۆ ئەوەی ھەستی مەسیحییەکان بریندار نەکەن.
لە دوای ڕووخاندنی ئیپمراتۆیەتی عوسمانی و لە دوای دروستکردنی کۆماری تورکیا، لە 1934 لەسەردەمی ئەتاتورک ئایاسوفیا گۆڕا بۆ مۆزەخانە، وەکو دیارییەک بۆ جیھان، ھەر دیاردەیەکی ئایینی لە ئایا سۆفیا قەدەغەکرا.
لە ساڵی 1985 یونسکۆ خستییە لیستی شوێنەوارە جیھانییەکانەوە، بەڵام لە ماوەی ڕابردوودا لە ساڵیادی گەیشتنی محەمەد فاتح بە قوستەنتینیە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا، ئاھەنگی یادەکەی بردە ئایاسۆفیا، ئەمەش ناڕەزایی لە تورکیا و جیھاندا لێکەوتەوە بەتایبەت یۆنان، لەبەرئەوەی خۆی بە خاوەنی پاشماوەی بیزەنتییەکان دەزانێت.
یۆنان پێیوایە بڕیارەکەی ئەردۆغان سوکایەتە بە ھەستی تەواوی مەسیحییەکانی جیھان.
لەم چەند مانگەی ڕابردوودا کە بابەتی ئایاسۆفیا ببووە بابەتێکی گەرم، مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند: ھانی تورکیا دەدەین ئایاسۆفیا وەکو مۆزەخانەیەک بھێڵێتەوە، وەکو نمونەیەک لە ڕێزگرتنی تورکیا لە فرەیی ئایینی.
ھەروەھا بەتریارک بارسولومیو یەکێک لە پێشەوانی مەسیحییە ئەرسۆزۆکسییەکانی جیھان ڕەخنەی توندی لە تورکیا گرتبوو و وتبووی "گۆڕینی سۆفیا بۆ مزگەوت دووبارە، توڕەیی مەسیحییەکانی جیھانی لێدەکەوێتەوە"
ئەردۆغان پێشتر وەڵامی ئەو ڕەخنانەی داوەتەوە و دەڵێت "دەڵێن ئایا سۆفیا مەگۆڕن بۆ مزگەوت، بۆچی کێ تورکیا بەڕێوەدەبات؟ ئەم بابەتە تەنھا پەیوەستە بە دەسەڵاتی دادوەری تورکیاوە"
دواجار ئەمڕۆ (10ی تەموزی 2020) دادگای باڵای تورکیا بڕیاری ساڵی 1934ی لەبارەی مۆزەخانەی ئایاسۆفیاوە هەڵوەشاندەوە و بەپێی بڕیارەکەش لەمەودوا دەتوانرێت بکرێتە مزگەوت، هەر ئەمڕۆش دوای بڕیارەکە، دوای زیاتر لە 80 ساڵ بۆ جارێکی تر لە ئایاسۆفیاوە بانگ درا و سەدان کەسیش ئامادە بوون.


ڕیکلام