دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە، هێزەکانی دەزگای ئاسایش ئەندامانی گروپێکی چەکداری نایاسایی دەستگیرکرد کە ناویان لەخۆیان نابو (فەوجە خۆبەخشەکەی گەرمیان).
دەقی راگەیەندراوەكەی دەزگای ئاسایشی هەرێم:
هێزەكانی دەزگای ئاسایشی هەرێم، ئەندامانی گروپێكی چەكداری نایاسایی دەستگیركرد كە ناویان لەخۆیان نابوو (فەوجە خۆبەخشەكەی گەرمیان).
لە ئەنجامی هەوڵە بەردەوامەكانی دەزگای ئاسایشی هەرێم لەپێناو زیاتر چەسپاندنی یاساو ڕێگریكردن لە هەموو كارێكی نایاسایی و تێكدەرانەو دابینیكردنی ئاسایش و ئارامی، هێزەكانی دەزگای ئاسایش، ئەمڕۆ ٢٠٢٣/٧/١٧ بە فەرمانی دادوەری لێكۆڵینەوە، توانیان دوای ڕووبەڕوبونەوە ئەندامانی گروپە چەكدارە نایاساییەكە دەستگیربكەن، كە ببونە هۆی پشێوی و نائارامی لە ناوچەكە و هەستاون بە خۆنمایشكردنو وەرگرتنی سەرانەو هەڕەشەكردنو تەقەكردنو تۆقاندنی هاوڵاتیان.
لە كاتی دەستگیركردنی چەكدارەكان، ڕووبەڕووی هێزەكانی ئاسایش بونەوە، لە ئەنجامدا دوو كارمەندی ئاسایش برینداربوون كە هیوای زوو چاكبونەوەیان بۆ دەخوازین، لە كاتی ڕوبەڕووبونەوەكەدا دوان لە چەكدارەكان برینداربوونو یەك چەكدار گیانی لەدەستدا.
ئێستادا بە فەرمانی دادوەر بە ماددەی ١٥٦ لەیاسای سزادانی عێراقی ئەندامانی گروپە چەكدارەكە دەستگیركراونو ڕووبەڕووی یاسا كرانەوە.