لەبارەى خراپى و گرانى نرخى ئینتەرنێت نوسراوێک ئاڕاستەى وەزیرى گواستنەوە و گەیاندن دەکرێت

  2020-07-11  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
پەرلەمانتارێکى سەربەخۆ لە پەرلەمانى کوردستان، لەبارەى خراپی کوالیتی ئینتەرنێت و گۆڕانی نرخەکەی نوسراوێک ئاڕاستەى وەزیرى گواستنەوە و گەیاندنى حکومەتى هەرێم دەکات.

سیروان بابان پەرلەمانتارێکى سەربەخۆ لە پەرلەمانى کوردستان لە هەژمارى خۆى لە تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبوک بڵاویکردووەتەوە، هۆکار چیە کاتێک هاوڵاتی بە شەش هەزار دینار باڵانسی پەیوەندی دەکڕێت و کاتێک بەکاریدەهێنێت نامەیەکی بۆ دێت نوسراوە پیرۆزە پێنج هەزار دینارت بەسەرکەوتووی داخڵکرد.

دەشڵێت، ئایا ئەو پارە زیادەیە کە لەهاوڵاتیان وەردەگیرێت کێ دەیخوات؟ خراپی کوالیتی ئینتەرنێت و گۆرانی نرخەکەی جێی پرسیاری ناوبراوبوو  بۆ ئانۆ جەوهەر وەزیرى گواستنەوە و گەیاندنى حکومەتى هەرێم.

ئاماژەى بەوەشکردووە، هەفتەى رابردوو نوسراوێکى ئاڕاستەى وەزیر کردووە و تیایدا داوایکردووە سنورێک بۆ بێسەر و بەرەیى تۆڕەکانى پەیوەندى لە کوردستان دابندرێت.

ئەو پەرلەمانتارە جەختیکردووەتەوە، بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانى دراوسێ کوردستان گرانترین و خراپترین هێڵى تەلەفۆن و ئینتەرنێت بەکاردەهێنێت، لە کاتێکدا سوریا کە وڵاتێکى وێرانەیە بەدەستى شەڕەوە باشترین و هەرزانترین ئامێرى پەیوەندى هەیە.



ڕیکلام