قائیمقامییەتی سلێمانی: هەر خاوەن مۆلیدەیەک کەمتەرخەم بێت لە پێدانی کارەبا سزادەدرێت

  2023-08-01  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
قائیمقامییەتی سلێمانی هۆشداری دەداتە خاوەن مۆلیدە ئەهلییەكان و ڕایدەگەیەنێت،"رێکاری پێویست لەگەڵ هەر خاوەن مۆلیدەیەک دەگیرێتەبەر کەمتەرخەم بێت لە پێدانی کارەبا بە هاوبەشەکانی".

لەراگەیەندراوێكدا قائیمقامییەتی سلێمانی بڵاویكردووەتەوە،"لیژنەی مۆلیدەی سەر بە لیژنە هاوبەشەکان رێکاری پێویست لەگەڵ هەر خاوەن مۆلیدەیەک دەگرێتەبەر کەمتەرخەم بێت لە پێدانی کارەبا بە هاوبەشەکانی".

ئاماژە بەوەشدراوە،"بەپێی دواین ئاماری لیژنەی مۆلیدە لە مانگی (7)ی ئەمساڵدا (225) سەردانیان بۆ بەدواداچونی کێشەی مۆلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی کردووە کە بەشی زۆریان لەسەر سکاڵای هاوڵاتیان بووە،هەر بەپێی ئامارەکە لەو ماوەیەدا (25) پسوڵەی سەرپێچی و (15) پسوڵەی ئاگادارکردنەوەیان داوە بە خاوەنی مۆلیدەکان".

ئەوەشخراوەتەڕوو،"لیژنەی مۆلیدەکانی سەر بە لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی بەردەوام چاودێری کاتی پێدان و بڕانی کارەبای مۆلیدە ئەهلییەکان دەکات و رێگەنادات هیچ ماڵ و گەڕەکێک بێ کارەبای مۆلیدە بن و ئەو کارەبایەش کە دەگات بە هاوبەشەکان دەبێت ڤۆڵتییەی پێویستی هەبێت و لەکاتی چەند جارێک دروستبوونی کێشە یان بڕانی کارەبای مۆلیدە، رێکارە یاساییەکان لەگەڵ خاوەنەکەی دەگیرێتەبەر بە سزای ماددی هەتا لێسەندنەوەی مۆڵەت".

لە ڕاگەیەندراوەكەشدا هاتووە،"هەر هاوڵاتییەک سکاڵای لە خراپی مۆلیدەی گەڕەکەکەی هەبوو دەتوانێت پەیوەندی بکات بە لیژنەی مۆلیدەوە لە لیژنە هاوبەشەکان لەرێگەی ئەم ژمارە تەلەفونانەوە: 07736993584 - 07701363679، یان لیژنەی باڵای لیژنە هاوبەشەکان 07708677777"