دوای ئەوەی دوێنێ دووشەمە ١٤ ئابی ٢٠٢٣ پرۆسەی قیرتاوکردنی شەقامی ١٠٠ مەتری دەستی پێکرد، ئەمڕۆ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران سەردانی پڕۆژەکەی کرد و لە نزیکەوە لە چۆنییەتی بەرەوپێشچوونی قۆناغەکانی جێبەجێکردنی پڕۆژەکەی کۆڵییەوە.
جێگری سەرۆک وەزیران دەستخۆشی لە شارەوانی سلێمانی کرد بۆ کارئاسانیکردن وهەماهەنگییەکانی لەگەڵ کۆمپانیای جێبەجێکار و هەروەها دەستخۆشی لە کۆمپانیای جێبەجێکار و ئەندازیاران و کرێکارانی پڕۆژەکەش کرد کە لە ماوەی رابردوو سەرباری کێشە و کەموکوڕییەکان بەردەوام بوون لە کارەکانیان.
دوای ئەوەی لە کێشە و گرفتەکانی کۆڵییەوە، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند پڕۆژەی شەقامی ١٠٠ مەتری پڕۆژەیەکی ستراتیژییە و هەموو هەوڵێک دەدەن کەموکوڕییەکان چارەسەر بکەن و داواشی لە شارەوانی سلێمانی و کۆمپانیای جێبەجێکار کرد هەموو هەوڵی خۆیان بخەنەگەڕ تا پڕۆژەکە لە ماوەیەکی کورتدا تەواو بکرێت.
شەقامی ١٠٠ مەتری سلێمانی ٣٤ کیلۆمەترە و تا ئێستا ٩٥٪ کارەکانی پڕۆسەی بڕین و پڕکردنەوەی تەواو بوو و بە گشتیش ٥٥٪ کۆی پڕۆژەکە تەواو بووە. لە رۆژی رابردووشەوە پرۆسەی قیرتاوکردن دەستی پێکردوە و بڕیارە لە قۆناغی یەکەمدا ١٠ کیلۆمەتر قیرتاو بکرێت و دوای تەواوبوونی بڕین و پڕکردنەوەش، قۆناغی دووەمی قیرتاوکردنەکەش دەست پێ دەکات.