پۆلیس لەبارەی تیرۆرکردنی نیاز دەرگەڵەیی زانیاریی دەدات

  2023-08-19  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
پۆلیسی ڕاپەڕین رایگەیاند، شەوی رابردو نیاز دەرگەڵەیی لە روداوێکی نادیاردا گیانی لەدەستداوە و ڕێکاری یاسایی گیراوەتەبەر و لێکۆڵینەوە دەستی پێکردوە بۆ زانینی هۆکاری ڕاستەقینەی ڕوداوەکە و لێکۆڵینەوە بەردەوامە.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، کاتژمێر 10:00ی شەوی رابردو تەرمی هاوڵاتی (نیاز جلال بەگ) ناسراو بە نیاز دەرگەڵەیی ئەندامی پێشوی ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی لە ڕوداوێکی کوشتنی نادیاردا گیانی لەدەستداوە. 

ئاماژەی بەوەشکردوە، تەرمی ناوبراو گەیەندرایە پزیشکی دادی ڕانیە و پشکنین بۆ تەرمی ناوبراو ئەنجامدرا و دەرکەوت شوێنەواری سێ گوللە بەجەستەیەوە هەیە.

پۆلیسی ڕاپەڕین ئاشكراشیكرد، بەوتەی کەسوکاری، روداوەکە لە کاتێکدا بوە کە ناوبراو لە ڕانیە سەر ڕێگای سەرەکی قورەگۆ بۆ پشو سەردانی باغەکەی کردوە و لە ئەنجامدا لە ڕوداوێکی کوشتنی نادیاردا گیانی لەدەستداوە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، رێکاری یاسایی گیراوەتەبەر و لێکۆڵینەوە دەستی پێکردوە بۆ زانینی هۆکاری ڕاستەقینەی ڕوداوەکە و لێکۆڵینەوە بەردەوامە.