بانکی ناوەندی لەبارە فرۆشتنی دۆلار بەگەشتیاران بڕیارێکی نوێیدا

  2023-08-23  | 
دۆسیە:  نرخی دۆلار
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بانکی ناوەندیی عێراق بڕیاریدا، هەر ١٠٠ دۆلارێک بە ١٣٢ هەزار دینار بدرێتە سەرجەم ئەو کەسانەی، کە گەشتی دەرەوەی وڵات دەکەن بەبێ ئەوەی هیچ بڕە پارەیەکیان وەک عموولە لێ وەربگیرێت،

رۆژی چوارشەممە، بانکی ناوەندی عێراق لە راگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، فرۆشتنی دۆلار بە شێوەی کاش لە بانک و کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو تایبەت بەو کەسانەی گەشتی دەرەوەی وڵات دەکەن بە نرخی دیاریکراو دەبێت.

ئاماژەی بەوەش کردووە، بە هەموو شێوەیەک وەرگرتنی عموولە لە کاتی فرۆشتنی دۆلاری کاش بە هاوڵاتییان، کە گەشت دەکەن ڕێگە پێدراو نییە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، ئەو کۆمپانیایانەی ئاڵوگۆڕی دراو، کە کاری سەرەکیان کڕین و فرۆشتنی دراوی بیانییە، لە هەر دۆلارێک بڕی دوو دیناری عێراقی وەردەگرن.

دەشڵێت، بە هەموو شێوەیەک وەرگرتنی باج لە کاتی فرۆشتنی دۆلاری کاش بەو هاوڵاتییانەی کە گەشت دەکەن رێگەپێدراو نییە.

هاوکات، بەراورد بە دوێنێ، ئەمڕۆ بەهای دینار بەرزبووە و ١٠٠ دۆلار بە ١٥٢ هەزار و ٥٠٠ دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت. هەروەها ١٠٠ دۆلار بە ٤ ملیۆن و ٨٥٠ هەزار تمەنی ئێرانی مامەڵەی پێوەدەکرێت.