د. نەرمین مەعروف: قەرز و پێشینەکان دەدرێت بە هاوڵاتیانی هەرێم

  2023-08-25  | 
دۆسیە:  سلێمانى
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی پێدانی پێشیینەکان و قەرز بە ھاوڵاتیانی سنوری پاریزگای سلێمانی زانیاری نوێ دەخاتەڕوو دەڵێت، بەرپرسانی بانکی ناوەندیی عێراق بەڵێنیانداوە کە ئۆفیسێکی بانکی ناوەندیی عێراق لە سلێمانی بکەنەوە و پێشینەو قەرز بەھاوڵاتیان و مووجە خۆران بدەن.

د. نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، " پێشتر بەمەبەستی کردنەوەی لقێکی بانکی ناوەندیی عێراق لە سلێمانی وەکو لیژنەی دارایی لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبوونەوەیەکیان کرد و نووسراوێکی ئاراستە کردووە".

ئاماژەی بەوەشداوە، "دواتر سەردانی بانکی ناوەندیی عێراقی کردووە و بەدواداچوونی بۆ نووسراوەکە کردووە کە کە خودی سەرۆک وەزیران ئاڕاستەی بانکی ناوەندی عێراقی کردووە".

ئەم قسانەی نەرمین مەعروف لە کاتێکدایە پێشتر، پارێزگار و بەرپرسانی بانکی ناوەندیی عێراق ڕایانگەیاند، "ئەوان ئامادەن ئۆفیسێکی بانکی ناوەندی لە سلێمانی بکەنەوە کە هەمان کاری لقەکانی دیکەی بانکی ناوەندی لەبەغدا و پارێزگاکانی دیکەی عێراق لە سلێمانی بکات و ڕاستەوخۆ بە بانکی ناوەندییەوە دەبەسترێتەوە".