هۆکاری نەناردنی بەشە بودجەی هەرێم ئاشکرادەکرێت

  2023-08-25  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بریکاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق هۆکاری رێکنەکەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا ئاشکرا دەکات و رایدەگەیەنێت، "رێکنەکەوتنی هەولێر و بەغدا لەسەر رادەستکردنی داهاتە نا نەوتییەکان هۆکاری نەناردنی بەشە بودجەی هەرێمە لەلایەن بەغداوە".

 فازل نەبی، بریکاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق  لەبارەی نەناردنی پشکی هەرێم دەڵێت، "تەنیا یەک خاڵ هەیە کە رێگری دەکات لە ناردنی بەشە بودجەی هەرێم، کە ئەویش بریتیە لە، بابەتی داهاتە نا نەوتییەکان".

ئاماژەی بەوەشداوە، "پێویستە ئەم داهاتە دابەشبکرێت بەسەر ١٢ مانگدا، داهاتە نا نەوتیەکەی لێ کەمبکرێتەوە بەبێ گەڕاندنەوەی بۆ بەغدا، پاشان مقاسە (یەکسانکردن)ی بۆ بکرێت، واتە تەنیا بە ژمارە بگەڕێنرێتەوە بۆ بەغدا نەوەک لەڕووی داراییەوە، دواتر وەزارەتی دارایی ئەو پارەیەی کە بۆی دەردەچێت لە هاوکێشە داراییەکەدا رەوانەی هەرێمی بکات".

بریکاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق پێی وایە، ئەم رێگە چارەیە دەتوانێت کێشەکە چارەسەر بکات، بەتایبەتیش ئەوەی کە پەیوەستە بە پرسی مووچەوە".