بەپێی راپۆرتی ئاژانسێكی ئەمریكی، توركیا داوایكردووە حكومەتی هەرێم ئەو قەرەبووە بە عێراق بداتەوە كە دادگای ناوبژیوانی پاریس بەسەر توركیایدا سەپاندووەو بڕەكەی نزیكەی (ملیارێكو 500 ملیۆن) دۆلارە
ئاژانسی بلومبێرگی ئەمریکی لە زاری بەرپرسانی تورکیاوە بڵاویکردەوە، تورکیا بەھیچ شێوەیەک ئامادەنییە ئەو ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلارەی لە دادگای پاریس لەسەر ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێم لە رێگەی بەندەری جەیھانەوە بە عێراقی دۆڕاند وەک قەرەبوو بیداتەوە بە عێراق، بەڵکو لە ھەوڵدایە بۆ ئەوەی ھەرێمی کوردستان خۆی ئەو قەرەبووە بداتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، تورکیا دەیەوێت بەرپرسانی ھەرێم ئەو قەرەبووەی بەسەریدا سەپێندراوە بیدەنەوە بە عێراق، چونکە بەرپرسانی ھەرێم سوودمەندی سەرەکی بوون لە فرۆشتنی نەوتەکەیان.
ماوەی پێنج مانگە ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیھانی تورکیاوە وەستاوە، کە بەھۆیەوە تەنھا ھەرێمی کوردستان زیاتر لە دوو ملیار دۆلار زیانی بەرکەوتووە.