مووچەی دوو مامۆستا بۆ بەرپرسی ناوچەی پارتی لە چۆمان دەنێردرێت

  2023-08-30  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بە پێی دوو نوسراوی پەروەردەی چۆمان، نەوتی قوتابخانەكان بەسەر كادرانی حزبی ناوچەكەدا دابەش دەكرێت و موچەی دوو مامۆستاش دەنێردرێت بۆ بەرپرسی ناوچەی پارتی لە چۆمان.

بەپێی دوو نووسراوی بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی چۆمان بەڕێوەبەری پەروەردەی چۆمان داوا لە كارگێڕی پەروەردە دەكات بڕی (200 بۆ 400) لیتر نەوتی سپی قوتابخانەكان بنێردرێت بۆ ژمارەیەك كادری حزبی ئەندام ناوچە و كارگێڕ ناوچەی چۆمانی پارتی، ناو و بڕی لیتری نەوتەكەیان بۆ دیاریكراوە لەبەرامبەر ناوەكان، سەرجەم ناوەكانیش كادری حزبین.

هاوکات داوا لە كارگێڕی پەروەردە دەكات، مووچەی دوو مامۆستا (دڵزار قادر و سەرباز ئیبرایم) بنێردرێت بۆ ئیدریس سەكری بەرپرسی ناوچەی پارتی لە چۆمان.

زانیارییەکان لەلایەن رۆژنامەنووسی ناوچەی باڵەكایەتی (سەردار قادر) بڵاوكراونەتەوە.