ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، عێراق دەیەوێت پارەی هەموو داهاتە ناوخۆییەکانی هەرێم هەر لە ئاو و کارەباوە تا دەگاتە هەموو داهاتەکان ببات، تەنها 50%ی پارەی دەروازەکان بداتەوە هەرێم.
شوان محەمەد ڕۆستەم، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئەو پارەیەی عێراق دەیەوێت مانگانە بیداتە هەرێم ناکاتە 10%ی کۆی موچەی موچەخۆران."
لە یاسای بودجەی عێراق دا، پشکی هەرێم بە 12,6 خەمڵێنراوە، لەکاتێکدا بەپێی ئاماری پلاندانانی عێراق دانیشتوانی هەرێم 14%ی کۆی دانیشتوانی عێراقە.
شوان محەمەد وتیشی، "بەپێی ژمارەی دانیشتوان، دەبێت عێراق مانگانە تریلیۆنێک و 360 ملیار دینار بداتە هەرێم، کەچی 900 ملیاری پارەی موچەی فەرمانبەرانیش نادات. عێراق دەیەوێت پارەی هەموو داهاتە ناوخۆییەکانی هەرێم هەر لە ئاو و کارەباوە تا دەگاتە هەموو داهاتەکان ببات، تەنها 50%ی پارەی دەروازەکان بداتەوە هەرێم."
ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نزیکەی ملیۆنێک و 400 هەزار فەرمانبەرە. حکومەتی هەرێم بۆ دابینکردنی موچەی تەواوی فەرمانبەران، مانگانە پێویستی بە 900 ملیار دینارە.
شوان محەمەد، دەڵێت،" لایەنی دەرەکی و ناوخۆیی هەن پەیوەندی نێوان حکومەتی هەرێم و بەغدایان بە ئامانج گرتووەو دەیانەوێت هەمیشە کێشە هەبێت. ئەو لایەنانە دەیانەوێت سودانی بشکێنن و هەرێمیش تەسلیم ببێت و ئیرادەی بشکێنن."