سۆران عومەر: یاسای بودجە لە بەغدا دەرکراوە، بەڵام جێبەجێکردنەکەی لە تارانە

  2023-09-07  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرۆکی فراکسیۆکی کۆمەڵی دادگەری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق زانیاری نوێ لەسەر هۆکاری نەناردنی بودجە بۆ هەرێمی کوردستان دەخاتەڕوو دەڵێت، "پێویستە دەسەڵاتدارانی هەرێم سەردانێکی تاران بکەن بۆ ئەوەی پشکی هەرێم وەک خۆی لە بەغداوە رەوانە بکرێت".

سۆران عومەر، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، "ئیعازی ناردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە دەست بەغدا نییە، بۆیە پێویستە دەسەڵاتدارانی هەرێم سەردانێکی تاران بکەن بۆ ئەوەی پشکی هەرێم وەک خۆی لە بەغداوە رەوانە بکرێت".

ئاماژەی بەوەشداوە، "یاسای بودجەی عێراق ئەگەر شایستە داراییەکانی هەرێمی وەک پێویست تیادا نەچەسپیبێت، بەڵام ئەو خراپەش نییە کە مامەڵەی پێدەکەن بەرانبەر هەرێم".

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق وتیشی، "یاسای بودجە لە بەغدا دەرکراوە، بەڵام جێبەجێکردنەکەی لە تارانە".

لەدرێژەی قسەکانیدا سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵ نەناردنی بودجەی هەرێم بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە، لە سەروبەندی رێککەوتنی چەک داماڵینی حزبەکانی رۆژهەڵات، لەنێوان هەرێم و تاران هەرێم پێوەی پابەند نەبووە، بۆیە ئەم فشارەی خراوەتە سەر هەرێم و نەناردنی پشکی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە پەیوەندی بەو پرسەوە هەیە.

سۆران عومەر باسی لەوەشکرد، " دەکرێت شاندێکی هەرێم سەردانی تاران بکات و لەگەڵ کاربەدەستانی ئەو وڵاتە کۆببێتەوە، بۆ ئەوەی یاسای بودجە لە بەغدا جێبەجێ بکرێت".