چوارچێوەی هەماهەنگی: راگەیەندراوەکەی وتەبێژی حکومەت بەڵگەی یەکلاکەرەوەیە لەسەر ئەوەی بەغدا پابەندە و حکومەتی هەرێم پابەندییەکانی جێبەجێناکات

  2023-09-08  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرکردەیەکی چوارچێوەی هەماهەنگی دەڵێت: “چوارچێوەی هەماهەنگی پشتیوانی راگەیەندراوەکەی حکومەتی عێراق دەکات و هەرێمی کوردستان بەشێکە لە دەوڵەتی عێراق.”

جەبار عەودە، سەرکردە لە چوارچێوەی هەماهەنگی سەبارەت بە راگەیەندراوەکەی وتەبێژی حکومەتی عێراق سەبارەت بە حکومەتی هەرێم دەڵێت "راگەیەندراوەکەی وتەبێژی حکومەت بەڵگەی یەکلاکەرەوەیە لەسەر ئەوەی بەغدا پابەندە و حکومەتی هەرێم پابەندییەکانی جێبەجێناکات".

دەشڵێت "ناکرێت بەغداد پارە بۆ هەرێم بنێرێت، بە بێ ئەوەی حکومەتی هەرێم پابەندییە داراییەکانی جێبەجێکات.".

باسی لەوەشکردووە "هەرێمی کوردستان بەشێکە لە دەوڵەتی عێراق، سەرجەم یاساکان دەبێت بەسەر هەرێمیشدا جێبەجێبکرێت. پێویستە حکومەتی هەرێم راستییەکان بۆ رای گشتی رابگەیەنێت کە بە بەشێکی زۆر لە خاڵەکان پابەند نەبووە".

ئاماژە بەوەشدەکات، "لە راگەیەندراوەکەی حکومەتی ناوەندیدا زۆر راستی تێدایە کە بۆ خەڵکی عێراق لە نێو ئەوانیشدا کورد ئاشکرا کرا".