سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، ئەو 500 ملیار دینارەی حکومەتی عێراق بڕیاریداوە بە شێوەی قەرز بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت زۆر کەمە و بەشی هەموو مووچەخۆران ناکات.
ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق راگەیاند: "حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو پابەندبوونەکانی خۆی لە یاسای بودجەدا جێبەجێکردووە. لەبارەی پرسی رادەستکردنی نەوتیش، بەگوێرەی پێویستی وەزارەتی نەوتی عێراق، نەوتمان رادەستی حکومەتی عێراق کردووە و بەگوێرەی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی، داهاتە نانەوتییەکانمان رادەست کردوون."
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی ئاماژە بەوەش دەدات، "لە رۆژی 25ـی ئاداری 2023ـەوە تاوەکو ئەمڕۆ حکومەتی عێراق تەنها 598 ملیار دیناری بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە و، ئێستا بڕیاری داوە 500 ملیار دینار بە شێوەی قەرز بنێرێت؛ هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان دەزانن، ئەم بڕە پارەیە زۆر کەمە و بەشی هەموو فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ناکات".
وەکو ئەوەی سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی باسی دەکات، "بە گوێرەی یاسای بودجە، پێویستە حکومەتی فیدراڵی مانگانە 902 ملیار دینار بۆ مووچەی مووچەخۆران و فەرمانبەران بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت، بەڵام ئێستا بڕیاری داوە تەنها 500 ملیار دینار بە شێوەی قەرز بنێرێت، کە بڕە پارەیەکی زۆر کەمە. داوا دەکەین حکومەتی عێراق بە بڕیارەکەی دا بچێتەوە و پابەندی یاسای بودجە ببێت."