ئەمڕۆ دادگای فیدڕاڵی لەسەر ڕاگرتنی پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێم کۆدەبێتەوە

  2023-09-10  | 
دۆسیە:  عێراق
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەمڕۆ یەکشەممە، بۆجاری دووەم دادگای فیدراڵی عیراق لەسەر راگرتنی پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.

بەگوێرەی خشتەی کۆبوونەوەکانی دادگای فیدڕاڵی، ئەمڕۆ دادگاکە بۆ دووەمجار لەبارەی سکاڵایەک کۆدەبێتەوە کە لەسەر سەرۆکی حکومەتی هەرێم و وەزیری دارایی هەرێم تۆمارکراوە و تیایدا داواکراوە بە بڕیاری ژمارە ٥٦ـی ساڵی ٢٠١٥ی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم (بڕیاری راگرتنی پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێم) بە نادەستوری لە قەڵەم بدرێت، چونکە بەهۆیەوە مافی فەرمانبەران پێشێلکراوە.

دادگای فیدراڵی عێراق، هەروەها رۆژی ١٢ی ئەم مانگە، بۆ یەکلاکردنەوەی سێ سکاڵا کە لە دژی هەرێم کۆدەبێتەوە، کە دوانیان تایبەتە بە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە لایەن زیاد جەبار و ئامانج نەجیب شەمعون تۆماریان کردووە، داوایانکردووە، ماددەکانی (١و٩و١٥و٢٢ و٣٦)ی هەمواری یاسای ژمارەیەکی ساڵی ١٩٩٢ بە نادەستوری لە قەڵەم بدرێن، سکاڵای سێیەمیش هەر لەلایەن، ئامانج نەجیب شەمعون کراوەو کە داوای بڕیاری نادەستوری بوونی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و تەواوی هەموارەکەی دەکات .