ئەمڕۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کارنامەی کۆدەبێتەوە و وابڕیارە خوێندنەوەی یەکەم بۆ ژمارەیەک پرۆژە یاسا بکرێت لەوانە بیمەی کارمەندانی حکومی و تایبەت و پێدانی مۆڵەت بە فەرمانبەران.
راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق، خشتەی کارەکانی بۆ دانیشتنی دووشەممە، ١١ی ئەیلوول بڵاوکردەوە، کە دەنگدانە بە پڕۆژەیاسایەک لەگەڵ خوێندنەوەی یەکەم و دووەم بۆ حەوت پڕۆژە یاسا.
بەپێی کارنامەی کۆبوونەوەی ئەنجوومەی نوێنەرانی عێراق کە بڵاوکراوەتەوە کاتژمێر یەکی پاشنیوەڕۆ کۆدەبنەوەو پرۆسەی دەنگدان بە پڕۆژەی یاسای هەمواری دووەمی بیمەی کارمەندانی حکومی و کەرتی تایبەت بەڕێوەدەچێت، جگە لەوەش خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژە یاسای تەندروستی دەرونی ئەنجامدەدرێت.
هەر لە دانیشتنەکەدا خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژە یاسای دامەزراوەی شەهیدان و پڕۆژە یاسای تۆماری لەدایکبووان و کۆچکردووان ئەنجام دەدرێت.
لە کارنامەکەدا هاتووە کە خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژە یاسای پێدانی مۆڵەتی ئاسایی بە فەرمانبەران دەکرێت و گفتوگۆ لەبارەی پڕۆژە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر ئەنجام دەدرێت، هاوکات، گفتوگۆ لە بارەی پڕۆژە یاسای دەزگای هەواڵگری نیشتمانی عێراق دەکرێت.