بڕیارە سبەی پێنجشەممە ١٤ی ئەیلول، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆببێتەوە و دەنگ لەسەر بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بدرێت.
پەرلەمانی عێراق خشتەی کارنامەی دانیشتنی ژمارە (١٥)ی رۆژی پێنجشەممە ١٤ی ئەیلولی بڵاوکردەوە، کە بەپێی خشتەکە، بڕگەی دووەم تایبەت دەبێت بە دەنگدان بە هێنانە کایەی پارێزگای هەڵەبجە کە لەلایەن لیژنەی هەرێمەکان و پارێزگا نەبەستراوەکانی سەر بە هەرێم و بەپێی ماددەی چوارەم ئامادە کراوە.
ئەوەش لەکاتێکدایە، لەماوەی ڕابردوودا خوێندنەوەی یەکەم و دووەم بۆ پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە کراوە، تەنها دەنگدان ماوە لەسەری بۆئەوەی بەفەرمی ببێت بە ١٩یەمین پارێزگای عێراق.
جێگەی باسە، رۆژی (١٣ـی ئاداری ٢٠٢٣) پڕۆژە یاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پەسەندکراو، دواتر ڕەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کرا، بە مەبەستی پەسەندکردن.