یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان دژی دواکەتنی مووچە سكاڵای لەسەر هەردوو حكومەتی فیدراڵی و حكومەتی هەرێم تۆماركرد و داوای خەرجكردنی مووچەی هەردوو مانگی 7 و 8 دەكات.
ئەبوبەكر سدیق پارێزەری راوێژكار لە یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دابەشنەكردنی مووچە و بە تایبەت مووچەی هەردوو مانگی 7 و 8 و مانگەکانی دواتریش كاریگەری لەسەر ژیان و گوزەرانی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان كردووە و پێویستە مووچەی ئەو دوو مانگە و مانگەكانی دواتر دابەشبكرێت، بەو پێیەی لە عێراق دەستدەكرێت بە خەرجكردنی مووچەی مانگی 9 و چەندجارێك دواكەوتنی مووچە لە هەرێمی كوردستان دووبارەبووەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە لە دادگای فیدراڵی سكاڵامان لەسەر هەردوو حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێم تۆماركرد و چاوەڕواندەكەین دادگای فیدڕاڵی رۆژی دانیشتنەكە دیاریبكات و بڕیاری كۆتایی لەسەر سكاڵاكەمان بدات.
وتیشی، جگە لەم سکاڵایە، داوای دیکەشمان لەبەردەستە، هەرکاتێک حاڵەتێکی دەستووری و شیاویەکی یاسایی هەبێت بۆ ئەوەی ئێمە سکاڵاکەمان تۆمار بکەین لەسەر هەر دامودەزگایەک لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کە هەڵنەستێت بە ئەرکەکانی خۆی بەرامبەر هاوڵاتیان ئێمە سکاڵا تۆمار دەکەین