ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق سکاڵا لەسەر ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان تۆمار دەکات
مستەفا سەند، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، لە پۆستێکدا لە تۆڕی ئێکس دەڵێت، "داوام لە پارێزەرەکەم کردووە سکاڵا لەسەر ئەنجوومەنی وەزیران تۆماربکات، ئەوەش بەهۆی پێدانی سولفە بە هەرێمی کوردستان کە لە دەرەوەی شایستەی یاسای بودجەیە".
بڕیارە سبەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆببێتەوە. چاوەڕوان دەکرێت بابەتێکی کۆبوونەوەکە پرسی ناردنی بودجە بێت بۆ هەرێمی کوردستان، ئەوەش دوای سەردانەکەی رۆژی پێنجشەممە 14-9-2023ی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەغداد.