سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایدەگەیەنێت: "بەدەستهێنانی ماف و شایستە داراییەكانی هەرێم بە ئەركی خۆمان دەزانین و ئەگەر عیراق ئەو چوار ترلیۆن دینارەی كە هەرێم داوای كردووە بە دوو جار بینێرێت، دەتواندرێت مووچەی مانگەكانی 7 و 8 دابەشبكرێن".
هەرێم كەمال ئاغا سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند: "هەموو هەوڵێك بۆ بەدەستهێنانی ماف و شایستە داراییەكانی خەڵكی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەران بە ئەركی خۆمان دەزانین و پێشتریش یەكێتی و سەرۆكەكەی لە كاتی پەسندكردنی بودجەدا هەموو هەوڵێكیان خستەگەڕ بۆ ئەوەی مافی خەڵكی كوردستان لە چوارچێوەی بودجەدا دەستەبەر بكەین، بەڵام ئەوەی لە رابردوودا زیانی بە كۆی پڕۆسەكە گەیاند نا تەبایی و نەبوونی یەكڕیزی كورد بوو لە بەغدا".
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی وتیشی: "پێویستە لە هەرێمەوە هەوڵی یەكڕیزی و یەكخستنەوەی نێوماڵی كورد بدرێت، لە بەغداش یەكڕیزی لایەنە كوردستانییەكان زۆر گرنگە، چونكە ئەو دەستكەوتانەی بە دەستمانهێناوە بە یەكڕیزی بووە، ئەوەشی لە دەستمان داوە بە ناكۆكی بووە، بۆیە یەكڕیزی خاڵی سەركەوتنمانە".
راشیگەیاند: "سەردانی تیمی حكومەتی هەرێم بۆ بەغدا بۆ ئەوە بوو عیراق بە دوو جار قەرز بداتە هەرێم واتە هەرێم 800 ملیار دینار لە بەغدا وەربگرێت بۆ ئەوەی مووچەی مووچەخۆرانی پێبدرێت"، وتیشی: "پێویستە لەبارەی رسومات و داهاتە نانەوتییەكانەوە وەك پارێزگا مامەڵە لەگەڵ هەرێم نەكرێت بەڵكو وەك هەرێمێكی سەربەخۆ سەیری كوردستان بكرێت".
هەرێم كەمال ئاغا ئاماژەی بەوەشدا: "كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران بۆ پرسی بودجە و شایستە داراییەكانی هەرێم چارەسەرێكی بنەڕەتی نییە، بەڵام بابەتەكە مووچەی خەڵكە و ناكرێت پشتگوێ بخرێت، ئەگەر عیراق ئەو چوار ترلیۆن دینارەی كە هەرێم داوای كردووە بە دوو جار بینێرێت، دەتواندرێت مووچەی مانگەكانی 7 و 8 دابەشبكرێن".
بڕیارە ئەمڕۆ 17-9-2023، ئەنجوومەنی وەزیرانی عیراق كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام بدات و گفتوگۆی چەند پرسێك و ئەو پێشنیارانە بكات كە وەفدی حكومەتی هەرێم لەبارەی ناردنی شایستە داراییەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان، پێشكەشی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆكوەزیرانی عیراق و لایەنە سیاسییەكانیان كردووە.