پەرلەمانتارێکی پارتی زانیاری نوێ لەسەر ناردنی پارە لە بەغداوە دەکات و دەڵێت، "ناردنی ئەو سێ گوژمە پارەیە لەلایەن عێراقەوە بۆ هەرێم چارەسەری تەواوی کێشەکان ناکات".
شوان محەمەد رۆستەم، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی، بە دەنگی ئەمریکای راگەیاندوە، "ناردنی ئەو سێ گوژمە پارەیە لەلایەن عێراقەوە بۆ هەرێم چارەسەری تەواوی کێشەکان ناکات، بەڵام دابەشکردنی مووچە بەو پارەیە دەستپێدەکاتەوە، تا ئەو سێ مووچەیە دابەش دەکرێت بەرەو کۆتایی ساڵی موازەنە دەڕۆین".
ئاماژەی بەوەشداوە، "خەرجکردنی ئەو سێ گوژمە پارە چارەسەری کێشەکان ئاسان دەکات، تا ئەو پارەیە بۆ مووچە خەرج دەکرێت، گفتووگۆی تر لەگەڵ عێراق دەست پێدەکەینەوە".
بۆ دابەشکردنی مووچە بەبێ کورتهێنان، حکومەتی هەرێم مانگانە پێویستی بە زیاتر لە 900 ملیار دینارە بۆ دابەشکردنی مووچە، بەپێی پلانەکە ئەو 700 ملیار دینارەی لە بەغداوە رەوانە دەکرێت لەگەڵ داهاتی ناوخۆ مووچەی پێ دابەش دەکرێت.