سلێمانی.. بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا دەستی لەکارکێشایەوە

  2020-07-12  | 
سلێمانی
د. دۆستی نەجات عوسمان بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
دۆستی نەجات عوسمان بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا لە شاری سلێمانی دەستی لەکارکێشایەوە.

لە راگەیەندراوێکدا د. دۆستی نەجات عوسمان بڵاویکردووەتەوە، دوای زیاتر لە پێنج ساڵ کارکردن دەست لەکارکێشانەوەم لە بەڕێوبەری نەخۆشخانەی هیوا پێشکەش کرد.

راشیگەیاندووە، سوپاس بۆ ئەوانەی لەوماوەیەدا پشتیوانی من و نەخۆشخانەی هیوایان کردووە، هەروەک سوپاسی بێ کۆتایی بۆ هەموو دکتۆر و کارمەندە دڵسۆزەکانی نەخۆشخانەی هیوا و سەنتەری سالاسیمیا و ژیانەوە و تاقیگەی نەخۆشیزانی شۆڕش کە خۆنەویستانە لەماوەی ئەم چەند ساڵەدا پشتگیر و پشتیوان بوون و لەسەر حسابی ژیانی تایبەتی خۆیان خزمەتیان بەدوچاربوانی شێرپەنجە کردووە بەبێ ئەوەی هیچ یەکێکمان چاوەڕوانی سوپاس و پێزانین بین.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بۆ یەکەم جار لەسەر ئاستی عیراق چاندنی مۆخی ئێسکمان ئەنجامدا کە سوپاس بۆ خوا سەدان نەخۆشی لەشێرپەنجە و سالاسیمیا چاککردوەتەوە و خەرجی سەدان ملیۆن دۆلاری چارەسەری گرانبەهای لەدەرەوەی وڵات بۆ خەڵک و حکومەت گەڕاندوەتەوە.

د. دۆستی نەجات عوسمان راشیگەیاندووە، ئەگەر روبەروبونەوەی شێرپەنجە و خزمەتگوزاریەکانی چارەسەر لە وڵاتانی پێشکەوتووی دنیا یەکجار سەخت بێت ئەوا لە هەرێمی کوردستاندا سەدان جار سەختتربووە، بەربەستەکان بێشوماربوون و لەژێر فشاری دەرونی هەزاران تراژیدیای ئینسانی و سنورداریی توانای خۆماڵی و ئاستەنگی جۆراوجۆردا شەو و رۆژ هەوڵماندەدا تاوەکو بەناوی (هیوا) بیرۆکەی نائومێدی لەم نیشتمانەماندا بسڕینەوە و دامەزراوەیەکی تەندروستی بین کە هیچی لەوڵاتانی پێشکەوتوو کەمتر نەبێت، هەر لە سەرەتاوە پلانی کورتمەودا و پلانی دوو ساڵە و پێنج ساڵەمان داڕشت و بەشی هەرەزۆری جێبەجێکرا، بەداخەوە کە هەلومەرجەکە چیتر لەزۆر ڕوەوە لەبارنیە بۆ جێبەجێکردنی ئاوات و خولیای زیاتر و بەو هۆیەوە نامەوێت لەشوێنێکدا کاربکەم کە تەنها رۆتینی رۆژانە بگوزەرێنم.

دەشڵێت، دەستلەکارکێشانەوە باشترین بژاردەیە لەوەی کە نەتوانم مافی نەخۆش و پزیشک و کارمەندان دابین بکەم.



ڕیکلام