تیمێكی ئەمنیی عێراق لێکۆڵینەوە لە هێرشە درۆنییەکەی فڕۆکەخانەی عەربەت دەکات

  2023-09-19  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەمەبەستی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکەی فڕۆکەخانەی عەربەت، بەغدا تیمێکی ئەمنی ڕەوانەی سلێمانی دەکات.

لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی ئەمنیی عێراق، سەردانی سلێمانی دەکات بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوی هێرشە درۆنییەکەی سەر فڕۆکەخانەی کشتوکاڵیی عەربەت، بەپێی ئاژانسی ڕۆیتەرز، سەرچاوەیەکی ئەمنی بەغدا ئاشکرایکرد، بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی عەربەت بەغدا تیمێکی ئەمنی ڕەوانەی سلێمانی دەکات.

ڕوونیکردەوە، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی عەربەت، لەلایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیاوە بووە.

ئەو سەرچاوە ئەمنییە وتیشی، لیژنەکە لێکۆڵینەوە لە جۆری هێرشەکە و ئەو مووشەکەی هێرشەکەی پێکراوە، هۆکار و ژمارەی قوربانییان دەکات.

جەختیش دەکاتەوە، ئەو رووداوە تەنیا پەیوەست نییە بە هەرێمی کوردستان، بەڵکو عێراق دەیەوێت رێکارەکانی تێدا بگیرێتەبەر، چونکە جگە لەوەی هێرشە لە وڵاتێکی دراوسێوە، کوژران و برینداربوونی تێدایە.