دادگای فیدراڵی داوای پەرلەمانتارێکی دژی ناردنی ٧٠٠ ملیارەکە بۆ هەرێم رەتکردەوە

  2023-09-21  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم ڕایدەگەیەنێت،"دادگای باڵای فیدراڵیی داواکاری پەرلەمانتارێکی بۆ ڕاگرتنی پێدانی قەرز بە حکومەتی هەرێم ڕەتکردەوە".

ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢١ی ئەیلولی ٢٠٢٣ بڵاویکردەوە: دادگای باڵای فیدڕاڵیی داواکاری پەرلەمانتار موستەفا سەنەدی رەتکردەوە بۆ دەرکردنی ئەمری ولائی بۆ راگرتنی کارکردن بە هەردوو بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ ژمارە ٢٣٥٠٠ و ٢٣٥٢٠ لە ساڵی ٢٠٢٣ تایبەت بە پێدانی قەرزێک بە بڕی ٧٠٠ ملیار دینار مانگانە بۆ سێ مانگ بە حکومەتی هەرێم.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە کۆبوونەوەی ڕۆژی یەکشەمی ئەم هەفتەیە، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دا مانگانە بڕی ٧٠٠ ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت، ئەوەیش تا کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر دەبن، لە بەرانبەردا پەرلەمانتارێک سکاڵای لەبارەی ئەو بڕیارە تۆمار کرد.