بانکی ناوەندی عێراق: لە ساڵی داھاتووەوە سەرجەم مامەڵە ناوخۆییەکان دەکرێنە دینار

  2023-09-24  | 
دۆسیە:  نرخی دۆلار
 تۆڕی هەواڵی ژیان
پارێگاری بانکی ناوەندی عێراق رایگەیاند، لە ساڵی داهاتوو، سەرجەم مامەڵە ناوخۆیی و مامەڵەکانی دیکە بە دۆلار قەدەغەدەکرێت، تەنها رێگە بە بەکارهێنانی دیناری عێراقی دەدرێت.

عەلی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندی راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتوە، لە ساڵی داهاتوو بانکی ناوەندی دەست لە حەواڵەی دەرەکی هەڵدەگرێت، لە بری ئەوە پشت بە بانکە مۆڵەت پێدراوە ناوخۆییەکان دەبەسترێت، واتە کاری حەواڵەی دەرەکی دەسپێردرێت بەوان.

ئەوەشی خستەڕوو، بانکی ناوەندی لە هەوڵدایە بۆ کردنەوەی کەناڵی راستەوخۆی بانکی لەگەڵ بانکە بیانییەکان، ئەویش لە پێناو پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی، لە ئێستاشدا لە هەوڵدان بۆ کردنەوەی کەناڵی بانکی کە تێیدا مامەڵە بە دراوەکانی وەک، درهەمی ئیماڕاتی، لیرەی تورکی، روپیەی هیندی و یۆرۆ بکرێت.

باسی لەوەشکرد، لە ساڵی داهاتو سەرجەم مامەڵە بازرگانییە ناوخۆییەکان و ئەوانی دیکەش بە دۆلار قەدەغەدەکرێت، تەنها دینار بەکاردەهێنرێت، بەڵام فرۆشتنی دۆلار بە گەشتیاران بەردەوام دەبێت.