رۆژنامەی (العرب) بڵاویکردۆتەوە، بەهۆی درێژکردنەوەی نایاسایی وادەکەی کە چەند ساڵێکە تەواوبووە، دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق بڕیاری لەسەر هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دا.
رۆژنامەی العرب سەبارەت بە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێم نوسیویەتی، زۆربەی جار هۆکاری دواخستنی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان بۆ ناکۆکی سیاسی و بۆشایی یاسایی و دەستوری دەگەڕێنرێتەوە، بەڵام ئەوانەی ئاگاداری بارودۆخی ناوخۆی هەرێمن دەڵێن، ئیرادەیەکی سیاسی راستەقینە نیە بۆ پابەندبوون بە کاتەکانی هەڵبژاردن.
دەشڵێت، بەو بڕیاڕە ئەنجومەنی پارێزگاکان چووە پاڵ پەرلەمانی کوردستان، کە چەند مانگێک لەمەوبەر بە بڕیاڕێکی هاوشێوەیەو بەهەمان هۆکار، دادگای ناوبراو لەکاری خست.
رۆژنامەکە ئەوەشی خستۆتەڕوو، پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی پارێزگاکان, رۆڵێکی ئەوتۆیان نیە لەبڕیاڕە سیاسیەکان و جێبەجێکردنیان, بەوپێیەی هەرێم لەلایەن دەستەبژێرێکی دیاریکراو لە سەرکردایەتی هەردوو حزبە دەسەڵاتدارەکە بەڕێوەدەبرێت.
هاوکات، عەلی رەشید، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، رایگەیاندووە: بڕیاڕەکەی دادگا دەمانخاتە بەردەم بۆشاییەکی یاسایی و نازانین چۆن مامەڵە لەگەڵ بڕیاڕەکە بکەین.
ئاماژەیبەوەشکردووە، ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاکان لە کوردستانی عێراق, دۆخێکی لەبار بۆ سەرکردایەتی هەرێم دەڕەخسێنێت، کە رەنگە ئەو دەسەڵاتانە جۆرێک لەکێشەیان بۆ دروستبکات ئەگەر سنورداریش بێت، وێڕای ئەوەی هەڵبژاردن رەنگە هەندێک ناڕازی بهێنێتە ناو ئەو دامەزراوانە، وەک ئەوەی لە خولەکانی رابردودا رویداوە.
ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٤ەوە هەڵبژێردراون و لە ساڵی ٢٠١٨ەوە ماوەی یاساییان کۆتاییهاتووە.