پۆلیسی هەولێر: بۆ کۆنترۆڵکردنی بارودۆخ هێز ڕەوانەی ئەو شوێنە کرا

  2023-09-28  | 
دۆسیە:  هەولێر
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لەسەر روداوەکەی هەولێر کە ژمارەیەک پۆلیس بەتوندی هێرش دەکەنە سەر مێردمنداڵێک و بەشەق و زلە لە منداڵەکە دەدەن، پۆلیسی هەولێر هاتە دەنگ و لە روونکردنەوەیەکدا دەڵێت، "بۆ کۆنترۆڵکردنی بارودۆخ هێز ڕەوانەی ئەو شوێنە کرا"

دەقی ڕوونکردنەوەی پۆلیسی هەولێر :

سەبارەت بەو گرتە ڤیدیۆیەی بڵاوکراوەتەوە لە بارەی ئەو پۆلیسەی لە ڕێورەسمی یادی لە دایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام پێشەوای مرۆڤایەتی و فەخری کائینات حەزرەتی محەمەدولمستەفا (دروودی خوای لەسەر بێت) لە سەر قەڵای هەولێر بە شێوەیەکی ناشایستە مامەڵە لەگەڵ گەنجێک دەکات و پەلاماری دەدات، بەپێویستی دەزانیین بۆ هەموو لایەکی ڕوونبکەینەوە، لە کاتێکدا کە ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتییانی شاری هەولێری پایتەخت بە چالاکی و شێوازی جیاواز لەو ڕۆژە پیرۆزەدا خۆشەویستی خۆیان بۆ پێغەمبەری ئیسلام دەردەبڕی لە نێو سەنتەری شار، لە هەمانکاتدا کۆمەڵێک گەنج لە سەر قەڵاتی هەولێر بە ئەنجامدانی چەند کردار و ڕەفتارێکی ناشایستە هاوڵاتیانیان ناڕەحەت و بێزارکردبووە، بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەو بارودوخە و ئیجرائات وەرگرتن لەگەڵ ئەو گەنجانە پۆلیس ڕەوانەی شوێنەکە کران، بەڵام بەداخەوە لەلایەن یەکێک لە پۆلیسەکان بەشێوازێکی ناشایستە پەلاماری یەکێک لە گەنجەکان درا، لە بەرامبەر ئەو ڕەفتارە نابەجێیە ئەفسەرێک و ئەو پۆلیسە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیەکەمانەوە دەستبەسەرکراون و لیژنەی لێکۆڵینەوەیان لە سەر پێکهێنراوە و بەپێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.
هاوڵاتییان و هاوشاریانی خۆشەویستی شارەکەمان دڵنیا دەکەینەوە هیچ کەسێک لە سەرووی یاساوە نییە.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر
٢٠٢٣.٩.٢٨


ڕیکلام