سبەینێ پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر بە پارێزگابونی هەڵەبجە کۆدەبێتەوە

  2023-09-29  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بڕیارە سبەینێ شەممە ٣٠ی ئەیلولی ٢٠٢٣، پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر بە ‌پارێزگابوونی هەڵەبجە کۆب‌بێتەوەو خوێندنەوەش بۆ ژمارەیەک پڕۆژەیاسای دیکە بکات.

بە پێی کارنامەی دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران، بریارە رۆژی شەممە ٣٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٣‌ کاتژمێر یەکی پاشنیوەڕۆ دانیشتنەکانی پەرلەمانی عێراق بۆ خوێندنەوە ‌و دەنگدان لەسەر نۆ پڕۆژەیاسا دەستپێبکاتەوە.

لە ‌کارنامەی دانیشتنی پەرلەمانی عێراقدا هاتووە، خوێندنەوە و دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بە ‌پارێزگابوونی هەڵەبجە یەکێکە لە بڕگەکانی دانیشتنەکە کە لە ١٣ی ئاداری ٢٠٢٣ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پڕۆژەیاساکەی رەوانەی پەرلەمان کردبوو و لە دانیشتنەکانی پێشوودا یەکەم خوێندنەوەی بۆ کرا، بەڵام بەهۆی ناکۆکییەکانەوە پڕۆژەیاساکە لە کارنامەی دانیشتنەکانی پێشووی پەرلەماندا لابردران.

تا ئێستا چەند جارێک دەنگدان لەسەر پرۆژە یاساکە دواخراوە، ئەویش بە هۆی ئەوەی شیعە و سوننەکان نایانەوێت بە تەنها هەڵەبجە بکرێتە پارێزگا و داوا دەکەن پرۆژەکە فراوان بکرێت بۆ ئەوەی چەند شارێکی دیکەش بکرێنە پارێزگا.