ئەندامێکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، سبەینێ شەممە بەمەبەستی دەنگدان لەسەر بەپارێزگابوونی هەڵەبجە کۆنگرە جێدەهێڵن و دەگەڕێنەوە بەغداد.
بەپێی کارنامەی کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، خوێندنەوە بۆ چەند پڕۆژەیەک دەکات و دەیانخاتە دەنگدانەوە، لەوانەش دەنگدان لەسەر پڕۆژە یاسای بە پارێزگابوونی ھەڵەبجە، ئەمە لە کاتێکدایە چەند جارێک ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگدان لەسەر پرۆژە یاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجەی دواخستووە.
غەریب ئەحمەد،ئەندامی پەرلەمانی عیراق بەكەناڵی فەرمی حزبەكەی رایگەیاند، ئێمە وەک ئەندامانی فراکسیۆنی یەکیتیی نیشتمانی کوردستان لەپەرلەمانی حیراق ماوەی سێ رۆژە بەشداری کۆنگرەی حزبەکەمان کردووە، هاوکات سبەینی لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەنگ لەسەر پرۆژە یاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە دەدرێت، وەک ئەندامانی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عیراق لەپێناو هەڵەبجە و پرسی بەپاریزگابوونی هەڵەبجەدا کۆنگرەی یەکێتی بەجێدەهێلێن و دەگەڕێینەوە بەغدا".
ئاماژەی بەوەشدا، یەکێتیی نیشتمانی کوردستان دۆسییەی هەڵەبجەی بەلاوە گرنگتربووە بۆیە داوامان لێکراوە بگەرێینەوە بەغدا و بەشداری دەنگدان لەو پرسە گرنگەدا بکەین.
هاوکات ئاشکراشیکرد، بە هەوڵەکانی بافڵ جەلال تاڵەبانی بڕگەی دەنگدان بە پرۆژە یاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە گەڕێندرایەوە بەرنامەی کاری دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران، هەر بۆیە ئامادەبوونی ئێمەش لە دانیشتنەکەدا ئەولەویاتی ئێمەیە".