پەسەندكردنی ماددەكانی پەیڕەوی ناوخۆ لەلایەن ئەندامانی كۆنگرەوە بەردەوامی هەیە و وتەبێژی كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتی دەڵێت، هەر دەنگۆیەك لەبارەی دروستبونی كێشە لەناو كۆنگرەدا هەبێت، دوورە لە راستییەوەو كۆنگرە زۆر بە باشی بەڕێوەدەچێت، هەروەها لەلایەن سەرۆكی یەكێتییەوە كات دراوە بە ئەندامانی كۆنگرە بۆ ئەوەی زۆرترین گفتوگۆ لەبارەی پەیڕەوی ناوخۆوە بكەن.
تەلار لەتیف، وتەبێژی پێنجەمین كۆنگرەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: لەبەر ئەوەی لە 13 ساڵی رابردوودا پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی لەلایەن ئەندامانی كۆنگرەوە پەسەندنەكراوە، بۆیە لەلایەن سەرۆكی یەكێتیەوە زۆرترین کات دراوە بە ئەندامانی کۆنگرە بۆ ئەوەی، ماددە بە ماددە گفتوگۆی چڕ و وردی لەبارەوە بکەن و پێشنیارەکانیان بخەنەڕوو".
وتیشی، سێ یەكی پەیڕەوی ناوخۆ، لەلایەن ئەندامانی كۆنگرەوە پەسەند كراوەو كاركردن بەردەوامە بۆ پەسەندكردنی ماددەكانی دیكە، چونكە ئەندامانی كۆنگرە مافی خۆیانە كاتی زیاتریان هەبێت بۆ ئەوەی گفتوگۆی وردتر لەبارەی پەیڕەوی ناوخۆوە بكەن، راستەوخۆش دوای پەسەندكردنی سەرجەم ماددەكانی پەیڕەوی ناوخۆ دەست بە رێكارە تەكنیكییەكان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی سەركردایەتی دەكرێت.
وتەبێژی پێنجەمین كۆنگرەی یەكێتی جەختیشدەكاتەوە، هەر دەنگۆیەك لەبارەی دروستبونی كێشە و ناكۆكی لەناو كۆنگرە هەبێت، دوورن لە راستییەوەو كۆنگرە زۆر بەباشی بەڕێوەدەچێت.