بافڵ جەلال تاڵەبانی: بەڵێن دەدەین رێبازی مام بپارێزین و لەسەر رێبازەکەی بەردەوامبین

  2023-10-01  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
کەمێک پێش ئێستا پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆتاییهات و لەپاش کۆنگرەکەش سەرۆکی یەکێتی سوپاسی رۆژنامەنووسان و پەیامنێرانی کەناڵەکانی راگەیاندنی کرد کە لەماوەی رابردوودا لەگەڵیاندا بوون بۆ رووماڵی کۆنگرە و وتیشی، بەڵین دەدەین رێبازی مام بپارێزین و دەرگایەکی نوێ بەڕووی گەنجاندا بکەینەوە.

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەدوای تەواوبوونی پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ کەناڵەکانی راگەیاند وتی،" کۆنگرە زۆر بە سەرکەوتوویی کۆتایی بە کارەکانی هێنا و لەماوەی پێنج رۆژی رابردوودا گفتووگۆی زۆر باش لەبارەی پەیڕەوی ناوخۆی حزب کرا".

وتیشی،" بەڵین دەدەین رێبازی مام بپارێزین و لەسەر رێبازەکەی بەردەوامبین".

 لەبارەی هەڵبژاردنی ئەندامانی سەرکردایەتیش سەرۆكی یەكێتی ئاماژەی بەوەكرد،" بەکۆی دەنگی ئەندامانی کۆنگرە، ئەندامانی سەرکردایەتی هەڵبژێردران، ئەمەش جێی خۆشحاڵییە کە هەموومان پێکەوە توانیمان بەسەربەرزانە لە کۆنگرە بێینە دەرەوە".

لەبارەی رۆڵی یەکێتی بافڵ جەلال تاڵەبانی رایگەیاند،" لە داهاتوودا کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان رۆڵ و کاریگەری یەکێتی زیاتر دەبینن و بۆ گەنجانیش دەرگایەکی نوێ دەکەینەوە".