بزووتنەوەی گۆڕان بەبۆنەی سەرکەوتنی کۆنگرەی پێنجەم و ھەڵبژاردنی سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و ئەندامانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاڕاستەی ئەو حیزبە دەکات.
لە پەیامەکەی بزووتنەوەی گۆڕاندا هاتووە، کۆنگرەکەتان لەکاتێکدایە، هەرێمی کوردستان لەبەردەم چەندین قەیرانی سیاسیی، ئابوری و دارایی، بۆشایی دامەزراوەیی، بێ متمانەیی لەنێوان پارتە سیاسییەکان، بێ متمانەیی هاونیشتیمانیان بە دامەزراوە گشتییەکان و لایەنە سیاسییەکانە، ئەم دۆخە ناهەموارە پێویستی بە کاری پێکەوەیی و باشکردن و ئاسایکردنەوەی پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسیەکانە، بە ئامانجی دۆزینەوەی چارەسەری ڕیشەیی بۆ قەیرانەکان و باشترکردنی دۆخی ژیان و بژێوی هاوڵاتیان.
بزووتنەوەی گۆڕان هیوا دەخوازێت، ئەنجامەکانی ئەم کۆنگرەیە، هاندەری زیاتری تەبایی و یەکگوتاریی کوردستانی بێت لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکە؛ بۆ بەیەکەوە ڕووبەڕووبونەوەی ئەو ئاستەنگ و ئاڵنگارییەی بەرۆکی هەرێمی کوردستانیان گرتوە، لە ناوخۆی هەرێمیشدا دەرفەتێک بێت بۆ وەڵامدانەوەی پێداویستییەکانی خەڵک و خزمەتکردنی زیاتری هاونیشتیمانیان.