جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تەواوبوونی سەرجەم رێککارەکانی دەستبەکاربوونی لیوای ٢٠ی ھاوبەشی راگەیاند و وتی، لە رۆژی یەکی کانوونی یەکەمی ئەمساڵەوە دەستبەکاردەبن.
فەرمانگەی راگەیاندنی جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی دووەمی ئەنجومەنی نوێنەران، لەگەڵ عەبدولئەمیر یارەڵا سوپا سالاری عێراق تایبەت بە لیوای ٢٠ی هاوبەش کۆبووەوە، لە دیدارەکەشدا، بڕیادراوە تەواوی کێشە و گیروگرفتەکانی بەشێوەیەکی کاتی دوابخرێت و فەرمانی دەستبەکاربوونیان بۆ دەربچێت.
بەپێی راگەیەندراوەکە، لە رۆژی یەکی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ تەواوی لیوای ٢٠ی هاوبەش دەستبەکاردەبن و مووچەی هەمان مانگیش وەردەگرن.