ئەنجومەنی باڵای فەتوای هەرێم: غەرامەی دواکەوتنی قیست و قەرز حەرامە

  2023-11-19  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەنجوومەنی باڵای فەتوای هەرێم ڕایدەگەیەنێت، ئەو پارەیەی لە بەرامبەر دواکەوتنی قیستی خانوبەرە وەردەگیرێ، حەرامە.

ژیان

ئەنجومەنی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، دوای ئەوەی کۆمەڵێک لە خاوەن نووسینگەکانی عەقارات، چەند پرسیارێکیان ئاراستەی ئەنجومەنی باڵای فەتوا کرد، لەبارەی دانانی مەرجی غەرامەکردن لە کاتی دواکەوتنی دانەوەی قیستەکان لە کاتی فرۆشتنی خانوو بەقیست و کاریگەریی ئەو مەرجە لەسەر کاری عەقارات، کە وەک ناوەندگیرێک کار دەکات بۆ پێکهێنانی کڕیار و فرۆشیار؛ ئەنجومەنەکە سەبارەت بەو پرسە بەم جۆرەی فەتوای خۆی راگەیاند.

لە فەتواکەدا هاتووە: (غەرامەی تاخیربوون) حەرامە و بەتایبەتی لە بابەتەکانی قەرز و قیستدان، بەو پێیەش هەر لە ئەوەڵەوە گرێبەستەکە حەرامە و نابێت مسوڵمان خۆی لێ بدات، هەروەها هەر ئاسانکارییەکیش بۆ ئەو جۆرە گرێبەستانە بکرێت، وەک ئەوەی کە دەڵاڵ و سەمسار و خاوەن عەقارات دەیکەن؛ هەمان گوناهی سووخواردن تەحەمول دەکەن.

ئەنجومەنەکە لەم شەش خاڵەدا فەتواکەی ڕوونکردەوە:

١- بۆ هەردوو لایەنی گرێبەست، وەک یەک ریبایە و حەرامە، گرێبەستەکە هەر لە ئەوەلەوە (بەتاڵ)ـە.

٢- ئەگەر کڕیار لە ئەوەڵیشەوە نیەتی تاخیرکردنی قیستەکەی نەبێت، هەر دیسان حەرامە؛ مادام واژووی کرد لەسەر گرێبەستەکە کە مەرجێکیان سەردەکێشێت بۆ ریبا.

٣- خاوەن عەقاراتەکانیش نابێت ناوەندگیری بکەن لەو حەرامەدا.

٤- بەڵام ئەگەر گرێبەستەکە خاڵی بوو لەو مەرجە (مەرجی غەرامەی تاخیربوون)؛ ئەوا هیچ کێشەیەکی شەرعیی تێدا نییە.

٥- پێشنیاری ئێمە ئەوەیە کە ئەو مەرجە لاببرێت لەو گرێبەستەدا، لە جیاتی ئەوە دەتوانن هەرکات تاخیر بوو کڕیارەکە؛ ئەوا ئیلزام بکرێت بەوەی کە زیاتر لە دوو قیست بدات لە کۆی ئەو مەبلەغەی کە لە سەرەتاوە لەسەری رێککەوتوون.

٦- ئەگەر خاوەن عەقاراتەکان لە سەرەتاوە دڵنیا نەبوون لەوەی کە گرێبەستە یاساییەکەی دووەم مەرجی غەرامەی تاخیربوونی تێدایە؛ ئەوا بۆ ئەمان کێشەیەکی شەرعی نابینینەوە، چونکە شەرع زاهیربینە و حوکمی شەرعی لەسەر یەقین و دڵنیایی بنیات دەنرێت.


ڕیکلام