مەکتەبی سیاسی یەکێتی: ڕۆژی شەهیدی یەکێتیی ڕۆژی شایەتی یەکێتییە لەسەر خەباتی نەپساوەی گەلەکەمان

  2023-11-20  | 
دۆسیە:  یەکێتی
 تۆڕی هەواڵی ژیان
مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە رۆژی شەهیدی یەکێتیدا پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، رۆژی شایەتی یەکێتییە لەسەر خەباتی نەپساوەی گەلەکەمان لەڕێی مافی چارەنووسدا.

ژیان:
ئەمڕۆ دووشەممە٢٠ی تشرینی دووەم، مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان پەیامێکی بۆ ڕۆژی شەهیدی یەکێتیی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە،” ڕۆژی شەهیدی یەکێتیی ڕۆژی شایەتی یەکێتییە لەسەر خەباتی نەپساوەی گەلەکەمان لەڕیی مافی چارەنووسدا”.

دەقی پەیامەکە:

(٢١ی١١) رۆژی شەهیدی یەکێتیی رۆژی شایەتی یەکێتییە لەسەر خەباتی نەپساوەی گەلەکەمان لەڕێی مافی چارەنووسدا.

رۆژی رێبازی (کەم بژی و کەڵ بژی)یە کە سەردەقشکێنانی شەهادەت؛ خاڵە شیهاب ، جەعفەر و ئەنوەر  مۆری یەکێتیانەیان لێ دا و لەم کاروانە دوور و درێژەدا سەرکردە ، فەرماندە، پێشمەرگە قارەمانەکانی سەنگەری نەبەردی لە شاخە سەرکەشەکان ، تێکۆشەرانی زیندان و رێکخستنە نهێنییەکانی شۆرشی نوێ  و شەهیدانی راپەڕین و رزگاری و بەرەنگاری تیرۆر و تۆقاندن و ستەمی هەمە چەشنی دوژمنان گیانبازییان نواندووە و بەخوێن بوونەتە شەهید وشایەتی  ئەم داستانە دوور و درێژە.

لەو رۆژەوە شار و ئاوایی ، رۆژ نییە و ساڵ نییە لە تەقویمی ژیانی نزیکەی پێنج دەیەی خەباتی گەلەکەمان یەکێتیی شەهیدی تیا نەدابێ و خەڵاتی ئازادی ئاوێتەی گوڵاڵە سوورەی قوربانیدان نەکردبێ.

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان حزبی شەهیدانە ، بەڵام شەهیدخواز نییە، شەهیدپەروەرە ، ژیاندۆست و ئایندەخوازە لێ کە کوردایەتی و رزگاری و دیموکراتی خوێنی بوێ قەت  درێغی ناکات،  ئەگەرچی بژاردەی یەکەمی تێکۆشانی بێوچانی هەمەلایەنەی سیاسیی و شارستانی و دیموکراتییە، بەڵام بۆ رزگاری کوردستان هیچی لێ چاو نییە.

لەم رۆژە پیرۆزەشدا هەم خەباتی ئاوەدانی درێژەپێدەدا و هەم بەڵێن و وەفاداری بۆ رێبازی شەهیدانی  بەڵێن و وەفای تاسەرە.

هەروا پابەندێتی  بە یادگارە شیرینەکانیان کە کەسوکاری شەهیدانن دووپات دەکاتەوە .

سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی یەکێتیی و شۆرشی نوێ و تێکرای شەهیدانی کوردستان.

رۆحی سەرۆکی نەمر سەرۆک مام جەلال شاد و ئاسوودە بێت.

مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان


ڕیکلام