قوباد تاڵەبانی: نابێ پەیوەندییمان لەگەڵ بەغدا فەرامۆش بکەین

  2023-11-20  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم رایگەیاند، کوردستان پێویستی بە دەستوورە، بەڵام دەستور کێشە سەرەکیەکان لەگەڵ بەغدا چارەسەر ناکات وەک پرسی گرنگی بودجە و مووچە کە بوونەتە کێشەی گەورە لە کوردستان، دەشڵێت "نابێ پەیوەندییمان لەگەڵ بەغدا فەرامۆش بکەین و دەبێ بەهێزی بکەین".

ژیان:
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم ئەمڕۆ لە چوارەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دهۆک رایگەیاند" بوونی دەستوور بۆ هەرێمی کوردستان زۆر گرنگە و پێویستە دەستوورمان هەبێت، بەڵام پێویستە دەستوورەکەمان لەگەڵ دەستووری عیراق هاوتەریب بێت، نەک پێچەوانە بێت".

راشیگەیاند،" لەگەڵ ئەوەی چەندین جار لەلایەن عیراقەوە بۆ مافە دەستوورییەکانمان، دەستوور پێشێل کراوە، بەڵام بەشێکی ئەو پێشێلکارییەش پەیوەندی بەوەوە هەیە کە ئێمەش وەک هەرێمی کوردستان غیابی دەستوورمان هەیە".

جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم راشیگەیاند،" بەڵێ کوردستان پێویستی بە دەستوورە، بەڵام دەستوور کێشە سەرەکییەکان لەگەڵ بەغدا چارەسەر ناکات وەک پرسی گرنگی بودجە و مووچە کە بوونەتە کێشەی گەورە لە کوردستان، هەرچەندە کێشەکە لە دەستووری عیراق و زارەوەکانیدا ناو دەستوور نییە، پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە کە ئایا پێکهاتەکانی عیراق دەتوانن و دەیانەوێت پێکەوە بژین؟". 

قوباد تاڵەبانی ئەوەشی رایگەیاند،" وەک کورد پێویستە پێش ھەموو شتێک، نێوماڵی خۆمان یەکبخەین، لەگەڵ ئەوەشدا نابێت پەیوەندییەکانمان لەگەڵ بەغدا فەرامۆش بکەین، بە پێچەوانەوە پێویستە ئەو پەیوەندیانە بەھێزتر بکەین، ھەروەھا پێویستە پرسی فیدراڵیزم لە عیراق چارەسەر بکرێت، چونکە بەبێ چارەسەرکردنی ئەو پرسە دەستووری کوردستانیش چارەسەر نابێت و ئەم کێشانە پێکەوە بەستراون".

 وتیشی،" وەک هەرێمی کوردستان پێویستمان بە دەستووری دووەمە و پێویستە سیستمێکی خۆمانمان هەبێت، راستە دەستوور باڵانسی زیاتر دەداتە ژینگەی سیاسی، بەڵام ئەگەر عەقڵییەتێکی باشمان نەبێت دەستوور ناتوانێت هەموو کێشەیەک چارەسەر بکات، لەم روانگەیەشەوە عیراق پێویستی بە رێکخستنەوە هەیە، بۆ ئەوەی بتوانین پێکەوە لە عیراقێکی ئازاددا بژین".

قوباد تاڵەبانی ئەوەشی وت،" تەئکید دەکەمەوە پێش هەموو شتێک پێویستە عەقڵییەت هەموار بکرێتەوە، چونکە دەستوور و یاسا بەتەنها نابنە چارەسەر بۆ کێشەکان، لە رابردوودا کورد بەشدارێکی کارا بوو لە یاسای بودجە، بەڵام کورد چ سوودێکی لە یاساکە بینی؟ یان یاسا چ سوودێکی هەیە ئەگەر جێبەجێ نەکرێت؟"

راشیگەیاند،" رووداوەکانی ئەم دواییە لە عیراق دەرخەری ئەوەن کە کێشەکان سیاسین و پێویستە گفتۆگۆی راشکاوانە و راستگۆیانە لەبارەی داهاتووی عیراقەوە بکرێت".


ڕیکلام